رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، جارێکی دیکە دەنگدان بە پرۆژەیاساکانی گەڕانەوەی موڵک بۆ خاونەکانیان، باری کەسیی و لێبورودنی گشتی لە بەرنامەی کاردایە، لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکە کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (08-12-2024) دەستپێدەکات.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێویستە هەرسێ پرۆژەیاساکە، بە یەک پاکێج دەنگیان لەسەر بدرێت".
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، لە بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئێوارەی رۆژی هەینی (06-12-2024) تۆمارکرا و هێشتا بەخش نەکراوە، گوتی: "بەم نزیکانە هەرسێ پرۆژەیاساکە دەنگیان لەسەر دەدرێت و پەسنددەکرێن".
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان لە حەوت بڕگە پێکهاتووە، کە دەنگدان بە پێنج پرۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پرۆژەیاسا لە خۆدەگرێت، ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە داواکاریی سەرەکیی شیعەیە.
دووەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
سێیەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی کە داواکاریی سوننەکانە.
چوارەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی.
پێنجەم: دەنگدان بە پێشنیازە پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
شەشەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025). مادەی 12/ دووەم/جیم هەموار دەکرێتەوە، کە تایبەتە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ