حەیدەر عەبادی: لە سووریا رۆژێکی نوێیە
رووداو دیجیتاڵ
حەیدەر عەبادی دەڵێت، هیوادارە ئەمڕۆ بۆ گەلی سووریا رۆژی یەکگرتوویی، ئازادی، دادپەروەری و ئاشتیی بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر لە راگەیێندراوێک دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند، "رۆژێکی نوێیە لە سووریا، هیوادارین رۆژی یەکگرتوویی، ئازادی، دادپەروەری ئاشتیی بێت بۆ گەلەکەی."
عەبادی دەڵێت: "پێشتر گوتوومە ئەمڕۆش دەیڵێمەوە: وەک چۆن دیکتاتۆری نابێت بەردەوام بێت؛ بەهەمانشێوە تیرۆر، پشێوی و دابەشکارییش سەرکەوتوو نابێت."
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر هیوادەخوازێت: "گەلی سووریا بە یەکگرتوویی، ئاسایش و پێکەوەژیانیی لەگەڵ خۆیان و جیهاندا ببینین. لە نێوان عێراق و سووریا هاوبەشیی گەورە هەن کە دەکرێت ببێتە خێر و بەرەکەت بۆ هەردوو گەل."
لە کۆتاییدا عەبادی ئاماژە بەوە دەکات، "گەلی ئێمە بێزارە لە شەڕ و دووبەرەکی، دەیانەوێت ئاشتی و بنیادنانەوە ببینن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دووبەرەکی، ململانێ و شەڕ وخێر و بەرەکەت بۆ گەلەکەمان بێنین."
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوانیان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتەکە راگەیاند.