لە ئەنجوومەنی پارێزگای واست کورسییەک بۆ کوردانی فەیلی دانراوە و مەترسی لەسەرە؛ 'پێمان دەڵێن ئێوە فارسن'
رووداو دیجیتاڵ
کوردانی فەیلی لە عێراق بە تایبەت لە پارێزگای واست، بە ئومێدن کە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، کوردانی فەیلی لە پارێزگاکە پێشووتر دوو پۆستیان هەبوو بەڵام بە هۆکاری جیاواز ئێستا ئەو پۆستانە نەماون.
جەبار بەڕاری تەمەنی 70 ساڵە لە شاری کوت لە پارێزگای واست لەدایکبووە، گلەییەکی زۆری لە بێ پشتیوانیی کوردانی فەیلی هەیە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، ئەوەی ئازاری دەدات ئەو قسەیە کە پێیان دەگوترێت "ئێوە فارسن". هەروەها نایشارێتەوە هیوایەکی بە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە.
جەبار بەڕاری، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری کوتە بە رووداوی گوت، "وەڵڵا کاکە ئێمەش هیوامان هەیە، خۆتان دەزانن کورد لە کوت زۆرن، پرسی کوردایەتی لێرە مردووە، لەنێوان مەزهەب و نێوان حیزبە ئیسلامییەکان و بێکەسی ئێمە. پێویستە ئێمەش هەوڵبدەین ئەمجارە پرسی کوردایەتیی زیاتر بکەین، برادەرانی عەرەب پێمان دەڵێن ئێوە کورد نین، فارسن چونکە شوێن و نیشتمانمان نییە."
زۆرینەی کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست هەمان بۆچوونیان لەسەر هەڵبژاردن و بەربژێرەکان هەیە، دەیانەوێت ئەو کەسەی دەبێتە نوێنەریان دەنگی راستەقینەی فەیلییەکان بێت.
عەبدول مونیب یونس، کوردێکی فەیلییە و دانیشتووی کوتە دەڵێت، "بەداخەوە ئەوانەی کاندیدبوون لە رێگەی حیزبەوە و چوونەتە پەرلەمان یان ئەنجوومەن، هیچ کارێکیان بۆ خەڵک نەکردووە؛ کە قسەشیان لەگەڵ دەکەیت دەڵێت، کوردی فەیلی منی نەبردووەتە ئەنجوومەن، حیزب منی بردووەتە ئەنجوومەن."
جاران کوردانی فەیلی لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای واست دوو پۆستیان هەبوو، یەکێکیان جێگری پارێزگار بوو کە بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا بوو. لەدوای سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئیدی ئێستا هیچ پۆستێکیان نییە.
د. محەمەد گۆران، بەربژێرێکی سەربەخۆیە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای واست لەبارەی کەیسی کوردانی فەیلی لە پارێزگاکە دەڵێت، "ئامانجمان خزمەتکردنی ئەو چینە چەوساوەیە، هەروەها پێشکێشکردنی هەندێک خزمەتگوزاری کە چارەسەری هەندێک کێشە دەکات، بەتایبەت لە یاسای باری شارستانی و هەروەها دەستخستنی هەندێک پۆست لەنێو پارێزگا کە مافی کوردی فەیلییە."
محمەممەد نزر، بەربژێرێکی سەربەخۆ دیکەیە لە پارێزگاکە باس لەوە دەکات کە "ئەم کورسیە هی خودی کوردانی فەیلییە، نەوەک هی حیزبێک یان کەسێک، فەیلییەکان لە سەردەمی سەدامی نەفرەتی بۆ ئەم دەستکەوتانە خوێنیان داوە."
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای واست، 270 بەربژێر رکابەری دەکەن لەسەر 14 کورسی، کوردانی فەیلیش بە 5 بەربژێرەوە رکابەری لەسەر یەک کورسی کۆتا دەکەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای واست تەنیا یەک کورسی دەستنیشانکراوە بۆ کوردانی فەیلی، بەڵام ئەو کورسییەش بێ مەترسی نییە، ترسێک هەیە بەربژێری براوە بەناو نوێنەرایەتی کوردانی فەیلی بکات، بەڵام لە ناوەڕۆک ببێتە پاشکۆی پارتەکانی دیکە.