سکاڵایەکی دیکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی حەلبووسی لە کۆمیسیۆن تۆماردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سونەکان لە پارێزگای ئەنبار سکاڵایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدوم کە لەلایەن محەممەد حەلبووسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەداتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و داوای دوورخستنەوەی حەلبووسیش لەو پارتە دەکات. سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت، "چاوەڕوانین بەفەرمی ئەو حیزبە هەڵبوەشێتەوە، چونکە ناکرێت کەسێک بەتاوانی ساختەکاری لەپەرلەمان دەرکرابێت و سەرۆکایەتیی حیزبێک بکات."
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، فارس تەها فارس، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای ئەنبار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر داواکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزبی تەقەدوم پێشکێشی کۆمیسیۆن کرابوو، فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو بابەتەن، ئێمەش ئەو سکاڵایەمان کردووە، چونکە محەممەد حەلبووسی تاوانی کردووە، جگە لە ساختەکاری کە تاوانێکی ئابڕووبەرە و نابێت ئەو کەسەی ئەو تاوانە دەکات سەرۆکایەتی پارتی سیاسیی بکات، جگە لەوەش ئەو پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەستووە و ئەو کۆمپانیای گرێبەستی لەگەڵدا کردووە گومانی زۆری لەسەرە."
 
لەو سکاڵایەی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی سونەکان لە ئەنبار تۆماریکردووە، هاتووە: "بەپێی حوکمەکانی بڕگەی پێنجەمی مادەی 10ـی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە 31ـی ساڵی 2019 و بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی ژمارە 9/فیدراڵیی/2023 کە لە رۆژی 14-11-2023 دەرچووە و تێیدا کۆتایی بە ئەندامێتی سەرۆکی پەرلەمان محەممەد رێکان حەلبووسی هێناوە، دوای ئەوەی تاوانی ساختەکاریی کردووە، بەو پێیە مەرجێک لە مەرجەکانی دامەزراندنی حیزبی بەپێی یاسای پارتەکانی ژمارە 36ـی ساڵی 2015 لەدەستدا، کە لە بڕگەی سێیەمی مادەی نۆیەمی یاساکەدا روونە، جگە لە سەرپێچیکردنی حوکمەکانی بڕگەی یەکەمی مادەی 25ـی هەمان یاسا، کە رێگری لە حیزبەکان دەکات بۆ وڵاتانی دیکە کاربکەن و فەرمانیان لێوەربگرن، بۆیە داواتان لێدەکەن بڕیاری پێویست بدەن و کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پارتی تەقەدوم بهێنن و پارتەکەش هەڵبوەشێننەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند: "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە، کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبار کردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت: "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت".
 
رۆژی 30-11-2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراونەتەپاڵی، بەتایبەت ئەوەی گوایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی کردووە نزیکە لە ئیسرائیلەوە و ئەوەش بەپێی یاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل قەدەخەکراوە، حەلبووسی گوتی: "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم."