سوودانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە 'کارێکی تیرۆریستی' ناودەبات

08-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە راوەدوونانی ئەو کەسانەی دەستدرێژییان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بدرێنە دادگە، دەشڵێت کردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەکان بێ پاساو و قبوڵنەکراوە. 
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی بە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەنجامدەرانی دەستدرێژییەکانی هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەستگیربکەن و بیاندەنە دادگە."
 
هەروەها دەڵێت، "کردنە ئامانجی نێردە دیپلۆماسییەکان کارێکی بێ پاساوە و لە هیچ دۆخێکدا قبووڵ ناکرێت و بانگەشە و ئەو خەیاڵانەی لە پشتی ئەو جۆرە کارە قێزەوەنانەوە هەرچییەک بێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی جەختیشی لەوەکردووەتەوە "ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە سووکایەتی بە عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی دەکەن و ئەو گرووپە لەیاسا لادەرانە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن و وێنای بڕیاری نیشتمانیی عێراقی ناکەن کە حکومەت لە چەندین بۆنەدا دەریبڕیوە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت: "یاریکردن بە سەقامگیریی عێراق و سووکایەتی بە ئاسایشی نێوخۆیی و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە نێوبانگی سیاسیی عێراق و کردنە ئامانجی ئەو شوێنە ئاسایشانەی بە هێزی یاسا و نەریت و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پارێزراون، کاری تیرۆریستین و هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی حکومەت و دەزگاکانی جێبەجێکردن هەریەک بەپێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆیان بەردەوام دەبن لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پاراستنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان."
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەیان رایگەیاند: "کاژێر 4:15ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە، هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانە پێنەگەیشتووە."
 
سەبارەت بەو لایەنەی هێرشەکەی کردووە، باڵیۆزخانەکە گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "تاوەکو ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن."
 
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و ناڕاستەوخۆ باسی وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنجچەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت