سەرووی نیو ملیۆن کەس و دوو کورسی؛ کوردانی فەیلی چاویان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە

08-12-2023
زیاد ئیسماعیل
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا.
گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر نەمانی رژێمی بەعس تێپەڕیوە، ئەو رژێمەی هەموو رێگایەکی بۆ سڕینەوەی کوردانی فەیلی لە عێراق  تاقیکردوە، بەڵام دوای تێپەڕینی ئەو ماوە دوور و درێژە، هێشتا کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەسەر کوردانی فەیلییەوە ماوە.
 
کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاوی بەغدای پایتەختن، رۆژانێک جومگە گرنگەکانی ئابووریی عێراق لەدەست ئەواندا بوو، لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوو تا دوایین رۆژەکانی سەردەمی رژێمی بەعس هەموو مافەکانیان زەوتکران، لەنێویاندا لێسەندنەوەی وڵاتینامە و دەرکردنیان لە وڵات.
 
مەلا تاڵیب قەرەوڵوسی لە هەردوو سەردەم ژیاوە، سەردەمی کۆن و ئەو سەردەمەی پێی دەگوترێت عێراقی نوێ، بەدڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە باس لە نەهامەتیی کوردانی فەیلی دەکات، نیگەرانە لەوەی تا ئێستا نەتوانراوە مافە دەستووری و یاساییەکانییان وەک پێکهاتەیەکی مافخوراو بۆ بگەڕێندرێتەوە. 
 
مەلا تاڵیب قەرەولوسی، هاونیشتمانی کوردی فەیلی لە بەغدا دەڵێت، "وەکو کوردی فەیلی بەدبەخت و ستەم لێکراوین، لە بەغدا دەسەڵاتمان کەمە، نفوسمان زۆرە لەسەرووی یەک ملیۆنین، کۆتای پەرلەمانیشمان هەر کەمە. داوادەکەم لەو کەسەی دەچێتە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا هەوڵبدات بەشێوەیەکی گشتی بۆ نەتەوە و زمانمان، ئێمە منداڵ و نەوەمان هەیە مافمان هەیە، ماڵ و باخ و زەویمان هەبوو، زۆر گرنگە داوای مافەکانی خۆمان بکەین، لە بەغدا زۆر کەس هاوکاریی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت، بەڵام کوردانی فەیلی زۆربەیان ئەو مافەیان نییە، چونکە بەڵگەنامەکانیان تەواو نییە کەچی لە بنەڕەتدا خۆیان کوردن، باوک و باپیری لە بەغدا و دیالە و کوت بوونە، کەچی پێیان دەگوترێت وڵاتینامەتان تەواو نییە بەداخەوە، ئەمە یەکێکە لە بەدبەختیەکانی کوردی فەیلی." 
 
لەنێو کوردانی فەیلی بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەندێکیان ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێک دەزانن و داوای بەشداریی کارای فەیلییەکان دەکەن، بەشێکی دیکەیان بێ هیوان و رەتیدەکەنەوە بەشداربن لە دەنگدان.
 
محەممەد فەیلی، هاونیشتیمانییەکی دیکەی کوردی فەیلییە لە بەغدا و دەڵێت، "دەبوایە ئێستا ئێمە دوو کورسی کۆتامان هەبوایە، بەڵام ئێستا یەکمان هەیە، لە پارێزگای واستیش یەک کورسیمان هەیە؛ لە بەغدا مافی دوو بۆ سێ کورسیمان هەیە، داواکاریمان زۆرە داواکاری دەستووری و یاسایی، تا ئێستا کەس هاوکاریی نەکردووین ، حەزدەکەم هاوکاریی کوردانی فەیلی بکەن لە رووی مادی و مەعنەوییەوە، چەند کاندیدێکمان هەیە تا دەتوان لە ئەنجوومەنی پارێزگا نوێنەرایەتیمان بکەن، شیعە بابەتێکی مەزهەبییە، ئایینییە، پەیوەندی بەخوداوە هەیە، بیرکردنەوە و مێژوومان هەمووی کوردە، نەتەوەم کوردە، کوردبوونمان گرنگە.
 
نەزیر عەزەدین، هاونیشتیمانیی کوردی فەیلی دانیشتووی بەغدا باس لەوە دەکات، "من ناچمە دەنگدان. نە هەڵبژاردنی چوار ساڵی یەکەم، نە ئەم ساڵیش بەڵێنەکانیان هیچیان راست نین، پێیان دەگوتین مووچەتان پێدەدەین زەویتان پێدەدەین هیچی راست دەرنەچوو بۆیە بۆ هیچ هەڵبژاردنێک ناڕۆم."
 
دوو منداڵی کوردی فەیلی لە گەرەکی کیفاحی زۆرینە کورد نشین لە بەغدا زمانی کوردی نازانن، ئەمە حاڵی زۆربەی مندڵانی کوردی فەیلییە لەم شارە. 
 
رۆشنبیرانی کوردی فەیلی  پرسی زمانی کوردی و مەترسییەکانی بە بابەتێکی گرنگ دەزانن، پێیان وایە چالاکی و فێستیڤاڵی تایبەت بە کوردانی فەیلی یان نین، یان زۆر کەمن و لەئاست ئەو مەترسییە نییە کە رووبەرووی ناسنامە و زمانی کوردی دەبێتەوە.
 
فەرهاد زەنگنە، نووسەر و هاونیشتیمانی کوردی فەیلی لە بەغدا دەڵێت، "ئێمە وەکو نووسەر و شاعیران بەزمانی کەڵهوڕی دەنووسین، زاراوەی کەڵهوڕی بەشێکە لە زمانی کوردی، ئێمە هەموومان کوردین، زاراوەی کەڵهوڕی کەمێک جیاوازە، ئەم شاعیر و نووسەرانە پێویستیان بە گرنگیپێدانە، پێویستیان بە فێستیڤاڵە تا ئێستا لێرە هیچ فێستیڤاڵێک نەکراوە بەزمانی کەڵهوڕی."
 
هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی راستەقینەی کوردی فەیلی نییە، بەڵام لە بەغدا و خانەقین بە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێن، زۆرینەی فەیلییەکانی بەغدا لە ناوچەکانی کیفاح، فەزڵ و سەدریە نیشتەجێن، هەرچەندە سەردەمانێک بەشێک لە کوردانی فەیلی لە دەوڵەمەندەکانی شار بوون، بەڵام دوای لەدەستدانی مافە دەستوورییەکانیان، ئێستا زۆرێک لە کوردانی فەیلی لە گەڕەکە مامناوەند و هەژارەکان نیشتەجێن.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، 10 کەس رکابەری بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای کوردانی فەیلی دەکەن.
 
عامر داود فەیلی، بەربژێری سەربەخۆی کۆتای فەیلی ئاماژە بەوە دەکات، "خاڵی سەرەکیی کوردانی فەیلی بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەسەرەتای کۆچپێکردنیان بەڵگەنامەکانیان لێسەندنران، ئەمەش بووە کێشە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، دواتر دەستیان بەسەر ماڵوموڵکەکانیاندا گیرا، ئەمەش بووە کێشە لەگەڵ دەستەی کێشەی موڵکداری و وەزارەتی دارایی و موڵکی دەوڵەت هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی ناو دووکانەکان و ماڵەکانیشیاندا گرت، هەرچەندە یاسای ژمارە 16 ی ساڵی 2010 دەرچوێندراوە، ئێمە هێشتا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەکەین، خۆتان دەزانن شەهید و زیندانیمان هەیە،  ئێستا 22 هەزار گەنجمان  شەهیدن و نادیارن، ئەمەنە بەدواداچوونیان بۆ دەکەن لەگەڵ دەزگای شەهیدان." 
 
جاسم سورەمێری، بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، "ئێمە پلانێکی ستراتیژی دادەنێین بۆ ئەوەی بزانین ئەو شوێنانە چۆن بەرەو گەشەسەندن ببەین، هەروەها مافەکانی ئەو خەڵکە وەرگرینەوە لەناو گەڕەکەکانی کیفاح و سەدریە کە ناوچەیەکی کورد نشینە و کوردی فەیلی زۆری لێیە، ئینشەڵڵا ئەگەر بوومە ئەندامی ئەنجوومەن لەسەر کۆتای فەیلی، یەکەم ئیش و هەوڵدانم ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەبێت." 
 
ژمارەی کورسیەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا 52 کورسیە لە نێویشیاندا 3 کورسی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی، مەسیحی و سابیئەکان دیاریکراون. کوردانی فەیلی کورسییەکی دیکەشیان لە پارێزگای واست هەیە. بەوەش کۆی کورسییەکانیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێتە دوو کورسی. 
 
نزیکەی نیو سەدەیە کوردانی فەیلی مافە یاسایی و دەستوورییەکانیان لەدەستداوە، لەدوای شەڕی عێراق، لە رێگەی یاساوە بەشێک لە مافەکانیان بۆ گەڕێنراوەتەوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر جێبەجێکردن، زۆرێک لە بڕگە یاساییەکان هیشتا زۆری ماوە بە تەواوی جێبەجێبکرێن، بە تایبەت لە گەڕاندنەوەی مافی وڵاتینامە و ئەو موڵک و ماڵەی لێیان زەوتکراوە.
 
کوردانی فەیلی لە بەغدا، کێشەکانیان زۆر بە گەورەتر لەوە دەزانن ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەتەنها بتوانێت چارەسەریان بکات، ترسی هەرە گەورەشیان ئەوەیە ئەو کەسەی لەسەر ناوی کوردی فەیلی دەچێتە ئەنجوومەنی پارێزگا لەژێرەوە بۆ لایەنێکی دیکەی سیاسی کار بکات و کێشە سەرەکییەکانی کوردانی فەیلیش فەرامۆش بکات.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە