باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە کارمەند و هاووڵاتیانی
رووداو - بەغدا
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق جووڵەی کارمەندەکانی سنووردار دەکات، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیانی ئەمریکی لەکاتی مانەوەیان لە عێراق رێککاری پێویست بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشیان بگرنەبەر.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ماوەی سنووردارکردنی جووڵەی کارمەندانی و هاووڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق درێژکردەوە، سنووردارکردنەکەش ناوچەی سەوز و دەرەوەی ئەو ناوچەیەش دەگرێتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەپێویستی دەزانێت هاووڵاتیانی ئەمریکی هۆشیارییەکی باڵای بواری ئەمنییان هەبێت و رێککاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان لەنێو عێراق بگرنەبەر، ئەوەش کاتێک لەنێو عێراق دەمێننەوە یان کاردەکەن.
ئەوەش بەبیری هاووڵاتیانی دەهێنێتەوە کە مەترسی گەورەی رفاندن و "تووندوتیژی تیرۆریستی"یان لەنێو عێراق لەسەرە.
ئەم هۆشداریدانە دوای ئەوە هات رۆژی چوارشەممەی رابردوو 6-12-2017، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئورشەلیم (قودس) ی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپارد باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم بگوازێتەوە.
بڕیارەکە لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە، هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش (سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان) رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت، ئەمڕۆ هەینیش لە بەغدا خۆپیشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە بەڕێوەچوو.