بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی کردنە ئامانجی هێزەكانی ئەمریكا دەكات
رووداو - هەولێر
بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی، كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، هەڕەشەی بە ئامانجكردنی هێزەكانی ئەمریكای كرد لە عێراق، وەكو كاردانەوەیەك لە بەرامبەر ناساندنی قودس - ئۆرشەلیم بە پایتەختی ئیسرائیل.
لە راگەیێندراوێکدا ئەكرەم كەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، بڕیاری دۆناڵد، ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تایبەت بە ناساندنی شاری قودس بە پایتەختی ئیسرائیل، پاساوێكی شەرعییە بۆ بەئامانجكردنی هێزەكانی لە عێراق.
ئەكرەم كەعبی دەڵێت "بڕیارەكەی ترەمپ سەرەتای سەرهەڵدانی راپەڕینێكی گەورە دەبێت بۆ راماڵینی ئیسڕائیل لە جەستەی ئوممەتی ئیسلامی".
بزووتنەوەی نوجەبا لە ساڵی 2013 دامەزراوە، لەلایەن ئێرانەوە هاوكاری سەربازی و دارایی دەكرێت. هەروەها لەنێو حەشدی شەعبییە و نزیكەی هەزار و 500 چەكداری هەیە.
رۆژی چوارشەممە 6-12-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری داننان بە شاری قودس - ئۆرشەلیمی بە پایتەختی ئیسرائیل واژۆكرد. هاوکات بڕیاریدا بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس - ئۆرشەلیم.
بڕیارەکە ناڕەزایەتی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی و زۆرینە موسڵمان. لەسەر ئاستی عێراقیش هەر سێ سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیران و پەرلەمان دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەکە راگەیاند.
داڕشتنەوە: حەکیم داود