پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر درێژکردنەوەى لێخۆشبوونى باج و گومرگى سەر خۆراک دەدات
رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ 8ى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکات و دەنگ لەسەر درێژکردنەوەى بڕیارى لێخۆشبوونى گومرگ و باجى سەر خۆراکیش دەدات.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کە فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە پێنج بڕگە پێکدێت، سەرەکیترینیان دەنگدان دەبێت لەسەر بڕیارى درێژکردنەوەى لێخۆشبوونى گومرگ و باج لەسەر خۆراک.
بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 72ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە لە 15ى ئادارى 2022 دەریکرد، گومرگ و باجى سەرخۆراکى بنەڕەتى هاوردەکراو هەڵگیرا، ئەمەش بەمەبەستى رێگرى لە گرانبوونى نرخى خۆراک. ئەو بڕیارە بۆ ماوەى سێ مانگە و لەگەڵ کۆتایی هەموو وادە سێ مانگییەکاندا بڕیارەکە نوێ دەکرێتەوە.
لە خشتەى کارى پەرلەمان هاتووە، خوێندنەوەى دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە: پڕۆژەیاساکانى جەژنى نیشتمانى، هەموارى یەکەمى یاساى چاودێرى خاوەن پێداویستى تایبەت، بیمەى کۆمەڵایەتى و خانەشینى کار.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لە چەند پەرلەمانتارێکى عێراقەوە دەستى کەوتووە، بڕیار بووە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى "خزمەتى ئاڵا" بکرێت، کە بە یاسای "سەربازیى ناچار" ناسراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە ئەو پرسە نەخراوەتە خشتەى کارەوە.
بەگوێرەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا، سەربازیی ناچار بۆ ئەو کەسانەى بڕوانامەیان نییە 18 مانگ دەبێت و بۆ ئەوانەی قۆناخى ئامادەییان تەواوکردووە، 12 مانگە و کەمترین ماوە سێ مانگە، کە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرایە.