دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوەڕاستی شەرگات دۆزرانەوە

رووداو ـ هەولێر

قایمقامی شارۆچكەی شەرگات رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوو گۆڕی بەكۆمەڵیان لە ناوەڕاستی شارۆچكەی شەرگات دۆزیونەتەوە، كە 40 تەرمییان تێدا بووە.

عەلی دەحدووح، قایمقامی شارۆچكەی شەرگات بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لە چوارچێوەی پڕۆسەی پاككردنەوەی شارۆچكەی شەرگات لە پاشماوەكانی جەنگ، هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوو گۆڕی بەكۆمەڵیان لە ناوەڕاستی شارۆچكەكە دۆزیوەتەوە، كە 40 تەرميان تێدابووە و زۆربەی تەرمەکانیش هی ژن و منداڵانن".

ئەو شوێنانەی لە چەکدارانی داعش پاکدەکرێنەوە بەردەوام گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدا دەدۆزرێتەوە، وەکو چۆن لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەکە دۆزرانەوە کە لەلایەن داعش کوژرابوون.

لەم ڕووەوە قایمقامی شەرگات دەڵێ "یەكێك لە گۆڕەكان لە نێو كۆنە كۆگایەكی شارۆچکەکە دۆزراوەتەوە و 10 تەرمی تێدایە، گۆڕی دووەمیان لە نزیك گۆڕی یەكەم دۆزراوەتەوە، 30 تەرمی لە خۆگرتووە".

دوای كۆنتڕۆڵكردنی ژمارەیەك شار و شارۆچكە لە عێراق لە 10 حوزەیرانی 2014 تاوەكو ئێستا کە بەرەبەرە داعش ناوچەکان لەدەستدەدات و دەسەڵاتی بەرەو نەمان دەچێت، رێکخراوەکە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی چەندین پڕۆسەی گوللـەبارانكردنی بەكۆمەڵی دژی دانیشتوان ئەنجامداوە.

لە کۆتاییدا عەلی دەحدووح، قایمقامی شەرگات رایگەیاند "تەرمی نێو گۆڕەکان تێكچوونە و، جارێكی دیكە لەلایەن دانیشتوانی شەرگاتەوە لە شوێنێكی دیكە نێژرانەوە".