کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: 700 هاووڵاتیی دیکە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان هاووڵاتیی دیکەی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە عێراق.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی سێشەممە 08-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 کەس دەبێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەسیان لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە و نزیکەی 18 هەزاری دیکەش هێشتا لە کەمپەکەدا ماون.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـدایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 
 
ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا. کەمپەکە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.
 
شکستەکانی رێکخراوی داعش، بەتایبەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتریش لە سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد. بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە