لە پارێزگای ئەنبار سێ خوێندکاری زانکۆ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیاندا سووتان

رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر رێگای روومادی - فەلووجە، ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕا و  گڕی گرت، سێ خوێندکار تێیدا سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد دەڕاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنێ، لەسەر رێگای روومادی لە ناوچەی حامزیە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری کیا سپۆرتاج بە چوار سەرنشینەوە وەرگەڕاوە و دواتر گڕی گرتووە".
 
محەممەد دەڕاجی گوتی، "لە رووداوەکەدا سێ کەس بە ناوەکانی حەیدەر ئەیاد سەبار، محەممەد ئەنوەر وەهیب و محەممەد خالد ئەحمەد، کە خوێندکاری زانکۆی فەللوجەن دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری رێژەی سووتانی جەستەیان گیانیان لەدەست دا".
 
محەممەد دەڕاجی گوتیشی، "لە رووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە ناوی محەمەد سەلمانە رزگاری بووە، بەڵام بە سەختی بریندار بووە و لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی روومادی لە بەشی چاودێری چڕە".