لە خەونى وێنەکێشانەوە بۆ دەربەدەری؛ چیرۆکی کچێکی ئاوارەی لوبنانی

رووداو دیجیتاڵ
 
لەنێو هەزاران لوبنانی کە پەنایان بۆ عێراق بردووە بەهۆى هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوورى وڵاتەکەیان، شەهد عاسی (16 ساڵان) هەیە، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا خۆى گەیاندووەتە شارى کەربەلا؛ پیرۆزگەی حوسێنییە لە کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوونى خۆیدا پەناى داون.
     
بەر لە چوار رۆژ شەهد و خێزانەکەى کە پێنج ئەندامن، وەک خۆى دەڵێت لەژێر بۆردوومانێکى "وەحشیگەرانە"ى ئیسرائیلدا بوون.
 
شەهد بە رووداوى گوت، "ئیسرائیل دەڵێت سەرکردە و بارەگا و کۆکاگانى چەکى حیزبوڵڵا بە ئامانج دەگرێت لە بەرانبەر ئەو هێرشانەى کە ئەو حیزبە لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردووەوە دەیکاتە سەرى وەک پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل، چاوەڕێى ئەوەم نەدەکرد خانووەکەم بەجێبهێڵم بەبێ ئەوەى بزانم کەى دەگەڕێمەوە".
 
شەهد عاسمى و خێزانەکەى لە ناوچەى بابلیەى باشوورى لوبنانەوە پەنابەری عێراق بوون، 10 رۆژە ئیسرائیل بە چڕى ئەو ناوچەیە بۆردوومان دەکات، کە پێگەى سەرەکیى حیزبوڵڵای لوبنانییە.
 
شەهد  خەونى بەوە دەبینى کە ببێتە وێنەکێش و دیزاینەر، بەڵام بۆردوومانى ئیسرائیل ناچاری کردووە دەستبەردارى خوێندنى ئامادەیی بێت و هاوشێوەى زۆرینەى دانیشتوانى باشوور ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، کە هەندێکیان بەرەو باکوورى وڵاتەکە و هەندێکى دیکەشیان روویان لە سووریا و عێراق کردووە.
 
ئەو کچە لوبنانییە ئێستا لە شارى سەیدولئەوسیا نیشتەجێ بووە، کە هەزاران پەنابەری دیکەی لوبنانى تێدایە و دەکەوێتە دەروازەى  شارى کەربەلاوە لەسەر رێگەى سەرەکیى بەغدا، ئەو شوێنە بۆ پەنادانى ئەو ئاوارە لوبنانیانە تەرخان کراوە کە پەنایان بۆ عێراق بردووە.
 
شەهد گوتى، "بۆردوومانى ئاسمانیی ئیسرائیل لە هەموو لایەکەوە تەنگى بە دانیشتووانى باشوورى لوبنان هەڵچنیبوو، ئاسەوارى بۆردوومانەکان بەنزیکەیی بە هەموو ناوچەکانى باشوورەوە دیارە، هیچ نابینیت دووکەڵى بۆمبەکان نەبێت کە فڕۆکەکانى ئیسرائیل بەشێوەیەکى هەڕەمەکى هەڵیدەداتە خوارەوە، ئەوەى دانیشتووانى باشوور بینییان پێشتر نەیانبینیوە، دۆخەکە زۆر ناهەموارە" .
 
سەرەتا ئەو خێزانە پەنایان بۆ شارى سەیداى لوبنان بردووە بەر لەوەى بۆردوومانى ئیسرائیل فراوانتر بێت لەگەڵ کوژرانى حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى پێشووى حیزبوڵڵاى لوبنانى لە 27ى ئەیلوول، کە لە بۆردوومانێکدا کوژرا.
 
ئەو کاتەى سوپاى ئیسرائیل دەستیکرد بە لەشکرکێشی، خێزانەکەى شەهد پەنایان بۆ عێراق برد بەتایبەت بۆردوومانەکان شارى سەیداى گرتەوە.
 
شەهد یەکێکە لە زیاتر لەو پێنج هەزار لوبنانییەى بە چەند کاروانێک پەنایان بۆ عێراق بردووە، کەسە نزیکەکانى دیکەى لە چەند ناوچەیەکى جیاوازدا جێگیر بوون. 
 
عەلى حوسێنى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵگەى سەیدولئەوسیا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "10 رۆژە دەستمان کردووە بە پێشوازیی لە پەنابەرانی لوبنان و  بەردەوامیشین لە پێشوازیی لەو ئاوارانەی بەڕێوەن، 500 ئاوارە لەو کۆمەڵگەیەى ئێمەدان، کە شەش هۆتێل لەخۆدەگرێت و سێ ژەمە خۆراکیان پێدەدەین".
 
پەنابەرانی لوبنان لە دوو کۆمەڵگەى دیکەى سەر بە پیرۆزگاى حوسێنییە پەنا دراون، یەکێکیان لە رێگە شارى حللەى ناوەندى پارێزگاى بابل و ئەوى دیکەیان لەسەر رێگەى نەجەفە.
 
عەلى حوسێنى گوتى، "هەندێک لەو پەنابەرانە لە رێگەى وشکانی و هەندێکى دیکەیان لە رێگەى فڕۆکەخانەى بەیرووتەوە خۆیان گەیاندووەتە عێراق" .
 
شەهد برا بچوکەکەى تووند لە باوەش دەگرت وەک ئەوەى کە هێشتا ترسی بۆردوومانەکانى ئیسرائیلى تێدا مابێت. ئەو گوتى، "وڵاتەکەم ستەمى لێدەکرێت، جەنگ خەونى هەمووانى لەوێ لەنێوبرد، بەڵام ئومێدم هەیە لەنزیکترین کاتدا جەنگ بووەستێت و سەربکەوین و خەونەکانمان بهێنینە دى".