فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی پرسی عێراقییەکانی بەریتانیا تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی، پرسی ئەو عێراقییانە تاوتوێ دەکات، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لەو وڵاتە نیشتەجێن. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن عێراق لە لێکەوتەکانی جەنگ بپارێزین.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا،رۆژی دووشەممە 07-10-2024 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کرد. باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا کرد و متمانەی خۆشی دەربڕی، کە ئەو پەیوەندییە فراوانتر و بەهێزتر دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "هەردوو وەزیر، کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێکرد، وەک ئابووری، رەشنووسی رێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لەو عێراقییانەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا نیشتەجێن."
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، وەزیرە بەریتانییەکە گوتوویەتی، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ راگرتنی جەنگ لە غەززە و لوبنان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوە، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، گرنگە نەهێڵدرێت جەنگ لە ناوچەکەدا فراوان بێت. بەردەوامیی پەرەسەندنی جەنگیش، کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و ئاسایش دروست دەکات، "هەموو وڵاتانی کاریگەر بکەونەخۆ، بۆ راگرتنی جەنگ لە لوبنان و غەززە."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی هاوتا بەریتانییەکەی کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.