جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: لە یەکێتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی باسی هێرشەکانی تورکیا و ئێران دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان داوە لە کۆبوونەوەی یەکێتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کە دوو رۆژی دیکە لە ئەفریقا دەستپێدەکات، "باسی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بکەن"؛ لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش گوتی، بە دوو بەربژێر رازی نابن. 
 
رۆژی شەممە 8-10-2022، پەرلەمانی عێراق لەبارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ناو پەرلەمان هەندێک هێز هەبوون لەگەڵ دانیشتنەکە نەبوون، هەروەها هەندێکیان بەجۆرێک لە جۆرەکان پاساویان دەهێناوە بۆ ئەو هێرشانەی ئێران کردوویەتی، بەڵام دواجار پەرلەمان بڕیاری خۆی دا، بۆ یەکەمجار لە کۆبوونەوەی یەکێتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کە پاش دوو رۆژی دیکە لە ئەفریقا ئەنجامدەدرێت، باس لە هێرشەکان دەکرێت بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بەدەستبهێنین."
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا: "لەبارەی هێرشەکان، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی راسپێدران لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکە بکەن، ئەوەی کە هەیە دەرئەنجامی لاوازی عێراقە کە ناتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت، هەموو ئەو بیانویانەی هەیە بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان ناڕاست و نابەجێن، ئێران و تورکیاش هەندێکجار ئەوانە دەقۆزنەوە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆش ئاماژەمان بەوە کرد ئەگەر عێراق ناتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت ئەوە دەبێت هەنگاو بنێن بەرەو کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی."
 
ئەمشەو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە شاری بەغدا کۆدەبێتەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات. بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێنیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی دەوڵەت بکرێت، "هەروەها بزاندرێت هەردوو لایەنی کوردی بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار گەیشتوونەتە چ قۆناخێک، چونکە بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەبێت بەربژێری سەرۆککۆمار یەکلاببێتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە لەسەر ئەو پرسانە لایەنەکان بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو و بزانرێت چی بکرێت بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرێک رێکبکەون و بەیەک بەربژێر بچێنە پرۆسەکە." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "پۆستی سەرۆککۆمار بە یەکێتی و بە پارتی نەدراوە و ئیستحقاقی کوردە، بۆیە بۆ ئەوەی کوردێک بنێردرێتە ئەوێ دەبێت کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت، چۆن زۆرینەی سووننە ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان پێدراو و شیعەکانیش سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتن، ئەوەش هەقی پارتییە، بەڵام هێشتا پارتی لە هەقی خۆی تەنازولی کردووە، دیدگەیەکی دیکەی هەیە ئەویش ئەوەیە پەرلەمانتارانی کورد لەنێو هەموو ئەو بەربژێرانەی هەیە کەسێک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری کورد و پارێزگاری لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراقیش بکات، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین 2018 دووبارە ببێتەوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەوەش نادەین."
 
لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ماوەی پێنج ساڵە ناوچە جێناکۆکەکان بە دۆخێکی نەخوازراو تێپەردەبێت، "یەکێکە لەو دۆسیانەی کە من خۆم بەشداربوومە و بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیم گوتووە، ئەوەیە قبووڵ ناکەین بابەتی کەرکووک، شنگال و ناوچەکانی دیکەش بەوشێوەیە بەردەوام بێت، دەبێت رێککەوتنی شنگالیش جیبەجێبکرێت، ئەگەر ئاسایشی ئەو ناوچانەیان دەوێت، چونکە نە ئاوارەی شنگال دەگەڕێنەوە، نە سەقامگیری بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە نە بارودۆخی خانەقینیش باش دەبێت، دەبێت ئەو سیاسەتە تەرک بکەن و ئەوانەمان باسکراوە، پێویستە هێزی لە دەرەوەی یاسا نەمێنن، ئەو هێزانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر خودی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش."