سەدر بە مەرج ئامادەیی دەربڕیوە گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکات


رووداو دیجیتاڵ

زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەی سەدر لە بەغدا، لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن. ئەوان ستایشی هەڵوێستەکەی رێبەرەکەیان دەکەن کە ئامادەیی دەربڕیوە بەشێوەیەکی ئاشکرا گفتۆگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکات لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتدا.  
 
فەلاح موسا، دانیشتووی ناوچەی سەدر دەڵێت، "ئێمە ستایشی پڕۆژە و هەنگاوەکانی سەماحەتی سەیید دەکەین، هەموو هەنگاوەکانی لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقە. کاتێک دەڵێت ئامادەم بۆ دیالۆگی ئاشکرا، بۆ ئەوەیە تا خەڵک خۆی ببینێت. بۆچی من بچم لەژێرەوە لەگەڵیاندا رێکبکەوم. دواتر بڵێن ئەمە سەیید خۆی ئەو کارەی ویستوە. ئەمە دەخرێتە بەردەم گەل، گەل خۆی جیاوازی دەکات لەنێوان کەسی باش و خراپ، لەنێوان گەندەڵ و چاکەکار، بۆیە ئەو هەنگاوەی سەماحەتی سەیید زۆر ئازا و بوێرانەیە و پەنا بەخوا هەموو کات ستایشی دەکەین".
 
دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لەبارەی عێراقەوە بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە گفتوگۆکردن و چارەسەری بنبەستی پرۆسەی سیاسی کرا. موقتەدا سەدر لە یەکەم کاردانەوەدا لە دوای کۆبوونەوەکە دووپاتیکردەوە کە ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام دانیشتنەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەچووبچێت، ئەوەش لەپێناو دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەبێت کە بەشداربوونە لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی رابردوو.
 
ئەحمەد سەعیدی، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەی سەدرە لە بەغدا و باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئەوەی سەیید موقتەدا داوای دەکات بەدیبێت و دانیشتنێکی روون و ئاشکرا بکرێت، بزانرێت میکانزمی ئەو حکومەتە چۆنە کە ئەوان رژدن لەسەری، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر بەهەمان شێوەی رابردووبێت و دابەشکردن هەبێت و خەڵکیش بێئاگابێت و نەزانێت چی بۆ دەکرێت، بۆیە ئەو حکومەتە شکستخواردووە و ئەنجامی نابێت، ئەگەر ئەوەی سەیید موقتەد دەیەوێت جێبەجێ نەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی گفتوگۆی ئاشکرا". 
 
ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێنراوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرکردووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ سەدرییەکان لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.   
 
ئەمیر سەعیدی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "تائێستا هەمووان بەدوای هێورکردنەوەن، تویتەکەی ئەمدواییانەی سەیید سەدر رەنگە هەوڵێک بێت بۆ کردنەوەی پەنجەریەک لە چوارچێوەی ئەو هێورکردنەوەیەدا. مەرجەکە ئەوەیە دیالۆگەکە ئاشکرابێت کە بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتدەکاتەوە. ئەمە پێویستی بە سازانی زیاترە لەنێو هێزە هاوبەشە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسی".
  
ئێستاش هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکهێنراوە لەنێوان چوارچێوەى هاوئاهەنگى و یەکێتى، پارتى، هاوپەیمانیى سەروەرى، عەزم، بابلیۆن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق، بەڵام دیار نییە بەبێ بەشداری رەوتی سەدر ئەو لایەنانە دەتوانن حکومەت پێکبهێنن یاخود نا؟