رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بڕیارێکی نوێیدا، سەرجەم دادگا ئێشکگرەکانی راسپارد بۆ وەرگرتنی سکاڵا و زانیارییەکان لەبارەی تاوانەکانی هەڵبژاردن کە ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەتدا دەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەنجوومەنەکە گشتاندنێکی بەپەلەی بڵاوکردووەتەوە، کە تەواوکەری گشتاندنی رۆژی 4ی تشرینی یەکەمە و تایبەتە بە ئەرکی لیژنەی بەدواداچوون و وەرگرتنی سکاڵا و زانیاری لەبارەی تاوان و پێشێلکارییەکانی رۆژانی دەنگدانی گشتی لەمیانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
لە گشتاندنەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرجەم دادگا ئێشکگرەکانی لە تەواوی پارێزگاکاندا راسپاردووە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و زانیارییەکان لەبارەی تاوان و پێشێلکارییەکانی دەنگدانی تایبەت لە هەر ناوەند و وێستگەیەکی دەنگداندا و داوای هاوئاهەنگیی کردووە لەگەڵ لیژنەی ناوبراو بۆ بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەکان لەبارەی ئەگەری روودانی هەر پێشێلکارییەک.
ئەمڕۆ 8ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان، ئاوارە و گرتووخانەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. نزیکەی 25 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و 242 کەس خۆیان بەربژێرکردووە و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان، کە 83 کورسییان بۆ کۆتای ژنانە و نۆ کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک، ئێزیدی، سابیئە و کوردانی فەیلییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ