کۆمیسیۆن: رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە هەولێر 75٪، سلێمانی 78٪ و دهۆک 69٪ـە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری سەرەتایی تایبەت بە رێژەی بەشداریکردنی لە دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق 69٪ بووە.
 
بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکەی کۆمیسیۆن، کە هێشتا ئاماری کۆتایی نییە، رێژەی بەشداریکردن لە هەولێر 75٪، سلێمانی 78٪، دهۆک 69٪، کەرکووک 62٪، نەینەوا 70٪، دیالە 74٪ و سەڵاحەدین 70٪ بووە. 
 
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە دهۆک، رێژەی بەشداریکردنی هێزە ئەمنییەکان لەو پارێزگایە 88٪، ئاوارەکانی ناو کەمپ 62٪ و ئەو ئاوارانەی لە دەرەوەی کەمپەکانن 36٪ بوون.
 
هەروەها بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆمیسیۆن لە هەولێر، رێژەی بەشداریکردنی هێزە ئەمنییەکان لەو پارێزگایە 88٪ و بەشداریکردنی ئاوارەکان25٪ بووە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە پارێزگاکانی دیکەوە هەیە، رێژەی بەشداریی خەڵک لە بەسرە 66٪، لە بەشی رەسافەی بەغدا 64٪، بەشی کەرخی بەغدا 62٪، میسان 76٪، قادسیە 74٪، زیقار 72٪، نەجەف 69٪، موسەننا 73٪ بووە. 
 
کۆمیسیۆن ئاماژە بە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەش دەکات و دەڵێت، لە کەربەلا 74٪، بابل 80٪، ئەنبار 59٪، واست 67٪ی ئەو کەسانەی بەشداریان لە پڕۆسەکەدا کردووە کە مافی دەنگدانیان هەبووە. 
 
لە ئاستی عێراق، لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 75 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مافی دەنگدانیان هەبوو؛ هەروەها 120 هەزار و 126 ئاوارە و 671 زیندانی مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان مافیان هەبوو لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگبدەن ژمارەیان زیاتر لە 331 هەزار و 600 کەس بوو؛ 225 هەزار و 851 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان و 105 هەزار و 754 کەسیشیان لە ئاوارەکان بوون کە بەشێکی زۆریان کوردانی ئێزدی بوون؛ هاوکات ژمارەیەکی کەم لە زیندانیان مافی دەنگدانیان هەبوو.