پەرلەمانتارێکی کورد: هەرچەند بازنەكانی هەڵبژاردن لە عێراق كەم ببنەوە بۆ ئێمە باشترە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هێشتا لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان رێكنەكەوتوون، هەرچەند بازنەكانیش كەم ببنەوە بۆ كورد باشترە.
 
شیروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەكو ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق رێكنەكەوتوون، 3 بۆ 4 پێشنیاز هەن بەڵام هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە".
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی "هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشنیازی كردووە پارێزگاكانی بەغدا، بەسرە و موسڵ كە ژمارەی دانیشتووانیان لەنێوان3.5 بۆ 8 ملیۆن كەسە، بكرێنە 5 ـ 7 بازنە، ئەو پارێزگایانەی ژمارەی دانیشتوانیان لە نێوان ملیۆنێك تاوەكو ملیۆنێك و نیوە بكرێنە 3 بازنە، ئەوانەی دیكەش بكرێنە 2 بازنە".
 
بە گوتەی دووبەردانی، پارێزگا هەیە ژمارەی دانیشتووانیان 700 بۆ 800 هەزار كەسە، پارێزگای دهۆك 750 هەزار كەسە و رەنگە بكرێتە دوو بازنە، دەشڵێت "لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كێشەمان نییە، بەڵام لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان كێشەمان هەیە، بەتایبەتی لە موسڵ، كەركووك و دیالە، هەروەها شیعە لە بەغدا و سوننە لە ئەنبار لەسەر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی قەزا و ناوەندە بازنە كێشەیان هەیە، بەڵام زۆربەی فراكسیۆنەكان لەگەڵ فرەبازنەیی ناوەندن".
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێی باشە پێشتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان رێكکەوتن بكرێت و دەڵێت "رەنگە سەرۆكی پەرلەمان ئەو پێشنیازانە بخاتە دەنگدان و كامەیان زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا [50+1] ئەو پێشنیازە پەسندبكرێت، ئێمە وەكو كورد دەنگمان لەسەر فرەبازنەیی نەداوە، چونكە هەرچەند بازنەكان كەم ببنەوە، بۆ كورد باشترە".