ئەنجوومەنی باڵای گەنجانی عێراق: یانەکانی رۆبۆت و ژیریی دەستکرد هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای گەنجانی عێراق کاراکردنی فۆڕمی پێشکێشکردن بۆ وەرگرتن لە یانەکانی رۆبۆت و ژیریی دەستکردی راگەیاند. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەکە لە داهاتوودا دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و قەرزێک کە دەگاتە 100 ملیۆن دینار دەدرێتە ئەو کەسانەی پرۆژەیان دەبێت.
 
عەلی هیلال، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی باڵای گەنجانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی راوێژکاریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژیریی دەستکرد، ئەمڕۆ لینکی فۆرمی تایبەت بە پێشکێشکردنی بۆ یانەکانی رۆبۆت و ژیریی دەستکردنی راگەیاند. بەپێی پڕۆژەکە ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن بڕێک قەرزیان پێدەدرێت بۆ پڕۆژەکانیان کە دەگاتە 100 ملیۆن دینار."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا لە بەغدا دەستمان بە پرۆژەکە کردووە، سێ یانەمان دروستکردووە، پڕۆژەکە لە داهاتوودا گەنجانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئەیلوولی 2024 ئەنجوومەنی باڵای گەنجانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لینکی فۆرمی پێشکێشکردن بۆ یانەکانی رۆبۆت و ژیریی دەستکرد دەستیپێکرد، دەستپێشخەرییەکی دەگمەنە بۆ گەنجان بۆ فێربوونی شارەزاییەکان و تەکنەلۆژیای شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، کە رێگەیان پێدەدات دەرفەتی نوێ بڕەخسێنن لەگەڵ گەشەپێدانی تواناکانی تەکنەلۆژی و داهێنان."
 
پەیوەندیکردن بە یانەکانی راهێنان ژمارەیەک کارامەیی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانەش کارامەییەکانی ژیان، پرۆگرام، کارکردن لەسەر ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد، کارامەییەکانی تەکنەلۆژیا.
 
خولەکەش یەک ساڵ دەخایێنێت و هەفتانە دوو کاژێری بۆ تەرخان دەکرێت:
 
ئەو یانانەی ئێستا دروستکراون، ئەمانەن:
 
1- یانەی بنوک لە ناوچەی بنوک
2- یانەی خەوارزمی لە ناوچەی سەدر
3- یانەی گەنجانی عامرییە لە ناوچەی عامرییە
 
لینکی پێشکێشکردن بۆ یانەکان