کۆمیسیۆن شوێنگرەوەی غاندی کەسنەزانیی دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەربژێرێکی پارتەکەی محەممەد حەلبووسیی بە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارێکی کۆچکردوو دیاریکرد و لە بڕیارێکی پێشووی خۆی و دیاریکردنی کەسێکی دیکە پەشیمان بووەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024 دەریکردووە، حەمید جەسام زەوبەعی، بەربژێری هاوپەیمانی تەقەدوومی سوننەکان کە لەلایەن محەممەد حەلبووسیی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە شوێنی غاندی کەسنەزانی، پەرلەمانتاری کۆچکردووی لیستەکە، دیاریکرد.
لە نووسراوەکەی کۆمیسیۆن دا هاتووە: "شوێنگرەوەی غاندی محەممەد عەبدولکەریم عەبدولقادر، پەرلەمانتاری کۆچکردوو حەمید جەسام محەممەد کەسار زەوبەعییە، کە ژمارە 47ـە لە لیستی هاوپەیمانی تەقەدوومی نیشتمانی و چوار هەزار و 87 دەنگی بەدەستهێناوە."
نووسراوەکە لەلایەن بڕیاردەری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە واژۆکراوە و رەوانەی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن بەناوی "بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران" کراوە.
داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان و راهێنان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە رووداوی گوت: "بڕیارەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووە و حەمید جەسام زەوبەعی دەبێتە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە کۆچکردووەکە."
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نووسراوێکدا بۆ پەرلەمانی عێراق بەربژێرێکی بە ناوی ئەحمەد عەبد حەمادی مەساری کە ژمارە 58ـی لە لیستی هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکانی هەیە و 4 هەزار و 337 دەنگی لە هەڵبژاردنی 2021 بەدەستهێنابوو، بە شوێنگرەوەی غاندی محەممەد کەسنەزانی دیاریکرد.
دواتر کۆمیسیۆن نووسراوی دووەمی بۆ پەرلەمان کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو بەهۆی ئەوەی پەڵپ و ناڕەزایەتی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، کارکردن بە نووسراوەی یەکەمی رابگیرێت.
کەسنەزانی رۆژی 28ـى تەممووز کۆچى دوایی کرد.
غاندى کەسنەزانى لە ساڵى 2021 بووە پەرلەمانتار و ئەندامى فراکسیۆنى موبادەرەى سوننە بوو. ئەو پەرلەمانتارە لەدایکبووى ساڵى 1972، کوڕى شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانى، رێبەری پێشووى تەریقەتی قادری– کەسنەزانی بوو. غاندى کەسنەزانى کورد و بڕوانامەى دکتۆراى لە یاسای نێودەوڵەتى هەبوو.