5 کەس بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر سەربازگەی عەین ئەسەد دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانى عێراق پێنج کەسیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر سەربازگەى عەین ئەسەد لە ئەنبار کە بە هۆیەوە 7 سەرباز و بەڵێندەر بریندار بوون.
دەستگیرکردنى ئەو پێنج کەسە بەگوێرەى راگەیێندراوێک بوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ى ئاب، شانەى راگەیاندنى ئەمنى بڵاویکردەوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى نوسیویەتی، "ئەو 5 کەسە بەشدار بوون لەو کارە نایاساییەدا و بە فەرمانى دادوەرى تایبەتمەند دەستگیرکراون".
5ى ئاب بە مووشەک هێرش کرایە سەر سەربازگەى عەین ئەسەد لە ئەنبار و بەهۆیەوە پێنج سەرباز و دوو بەڵێندەر بریندار بوون.
بە گوتەى شانەى راگەیاندنى ئەمنى، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى هاوبەش لە نێوان یەکە ئەمنییە تایبەتمەندەکان پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە، ئەو 5 کەسە بەگوێرەى ئەو زانیارییانە دەستگیرکراون کە ئەو لیژنەیە پێى گەیشتووە.
6ى ئاب شانەى راگەیاندنى ئەمنى وردەکارى ئەو هێرشەى بڵاوکردەوە کە لە رێگەى بارهەڵگرێکى جۆرى کیا ئەنجام دراوە و لە کۆى 10 مووشەک کە لەو بارهەڵگرە ئامادەکراوە بۆ ئاڕاستەکردنى، پێنجیان تەقێندراون و مووشەکەکانى دیکەش پووچەڵ کراونەتەوە.
دوو رۆژ دواتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت، "بە دوو مووشەک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کرایە ئامانج، حەوت ئەمریکی بریندار بوون، کە تەندروستیی هەموویان جێگیرە".
گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.