هێزێکی ئەمنی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار
رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی ئەمنی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، بەهەڵە بووە و بابەتەکە چارەسەر کراوە.
یاس خەفاجی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024 بە رووداوی گوت، شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی لەسەر کێشەی هۆزایەتیی لە قەزای ئیسلاح-ی پارێزگاکە بەدوای دەستگیرکردنی چەند داواکراوێکەوە بوونە، شوێنەکە نزیک بووە لە ماڵی عەبدولباقی ئەلعومەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری زیقار، ئەو هێزە بە هەڵە چوونەتە ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار گوتی، لەوکاتە کوڕێکی بچووکی سەرۆکی ئەنجوومەن لەگەڵ ئەو هێزە بووەتە دەمەقاڵییان و پێی راگەیاندوون ئەمە ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقارە، چۆن دەبێ هەڵبکوتنە سەری، دواتر کێشە چارەسەرکراوە، هیچ دەستدرێژییەکیش نەکراوەتە سەر کوڕی سەرۆکی ئەنجوومەن.
لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، هێزێکی دەزگەی هەواڵگریی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، کوڕەکەی و پاسەوانەکانیان دەستگیرکردووە، لە کوڕەکەیان داوە و لووتیان شکاندووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. گوایە پاسەوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن تێوەگلان لە کوژرانی بەڕێوەبەری هەواڵگریی پارێزگاکە.
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە، تەنیا لە چوارچێوەی ململانێ و سڕینەوە سیاسییە، راستی هەواڵەکە ئەوەیە کەسێکی داواکراو لە نزیک ماڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بووە و لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیر کراوە.