رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە رەتیدەکاتەوە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە لە پۆستەکەی دوورخرابێتەوە و دەڵێت: "مۆڵەتە."
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هەواڵانەی باس لە لابردن و گۆڕینی فەرماندەی پۆلیسی دیالە لە پۆستەکەی دەکەن دوورن لە راستییەوە".
لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە لیوا عەلا غەریب زبێدی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و لیوا نەجاح یاسر کازم عابدی کراوەتە فەرماندەی پۆلیسی دیالە.
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە گوتی: "لیوا عەلا غەریب زبێدی مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە، بۆ ماوەیەکی کاتی لیوا نەجاح یاسر کازم عابدی بە وەکالەت بووەتە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە."
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش دوای ئەوەهات شەوی سێشەممەی رابردوو بەشێک لە ئەندامانی هۆزی بەنی تەمیم وەک ناڕەزاییەک لەدژی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی قەزای شارەبانیان داخست و هەڕەشەی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکەیان کرد و داوایانکرد پارێزگار لە هۆزەکەی ئەوان بێ، بەڵام دواتر دۆخەکە کۆنترۆڵکرا و ئاسایی بووەوە.
خۆپێشاندەران پۆستەریان لەسەر دیواری فەرمانگەکان دا کە لەسەری نووسرابوو، "بەناوی گەلی ستەملێکراو، فەرمانگە و دامەزراوەکانی دیالەوە داخراون."
درەنگی شەوی 01-08-2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێی پارێزگاکەى هەڵبژارد.
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان شەممەری بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. عومەر کوروى بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
سالم تەمیمیش لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵیش وەک جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ