رووداو دیجیتاڵ
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە (یونیتاد)، لە نێوەڕاستی ئەیلوول کۆتایی بە ئەرکەکەی لە عێراق دەهێنێت دەڵێ، بە هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، 40 تێرابایت بەڵگەی دیجیتاڵکراومان لەسەر تاوانەکانی داعش کۆکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 07-08-2024، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە (یونیتاد) بە رووداویان راگەیاند: "لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 17-09-2024 ئەرکی تیمەکەمان لە عێراق کۆتایی دێت."
یونیتاد شەش ساڵ بوو لە عێراق خەریکی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری بوو لەسەر تاوانەکانی داعش. بڕێکی زۆری بەڵگە و تۆماریان لەسەر تاوانەکانی داعش کۆکردەوە. ئەوان هەروەها یارمەتیی حکومەتی عێراقیان دا بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا بگەڕێن و پارێزگاری لە شایەتحاڵەکان بکەن. لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا تیمەکە بەردەوام بەڵگە و تۆمارەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشکردووە و بە رووداویان گوت، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکەیان هەموو بەڵگەنامەکان دەدەنە دەست حکومەتی عێراق."
هەرچەندە چەند رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە، چەند جارێک چەند بەرپرسێکی عێراقی رایانگەیاند، "عێراق چیدیکە پێویستیی بە یونیتاد نەماوە."
یونیتاد رایگەیاند: "68 گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعش هەڵدراونەتەوە. 18 ملیۆن تۆماری کاخەزیی پەیوەست بە داعش بە دیجیتاڵکراون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەرشیفکراون. هەروەها، قەبارەیەکی گەورە لە بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆ لەو ئامێرانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستبەسەرکراون، ئەرشیفکراون."
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران، ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا، تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.
دەقی هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی رووداو لەگەڵ یونیتاد:
رووداو: کەی ئەرکی یونیتاد بە یەکجاریی کۆتایی پێدێت؟
یونیتاد: بە گوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2697ـی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، 17-09-2024 دوایین رۆژی ئەرکی یونیتادە. بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی پێویست لە ماوەی چەند مانگی رابردوو نراون، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق.
رووداو: ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەرکی یونیتاد دەبێت؟
یونیتاد: ئاژانسی یونیتاد بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزرێندرا. زیاتر لە شەش ساڵ تیمەکەمان لەلایەن چەندین بەرپرسی بەتوانای عێراقەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی خۆی پشتگیریی لێکرا. تیمی یونیتادیش بە هەمانشێوە پشتگیری لە کارەکانی ئەو بەرپرسانە کردووە، ئەمەش وەک ئامانجێکی هاوبەش بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش. کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتاد بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشە و لەسەر داوای حکومەتی عێراقە. تیمەکەمان بەردەوام بە شێوەیەکی نزیک لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەستداری عێراقییەوە کاری کردووە و راوێژی پێکردوون، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو چالاکییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێبکات، لەوانەش برەودان بە تواناسازی. بەچڕی کارمان کرد بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی بەرپرسە عێراقییەکان بتوانن بە باشترین شێوە لەسەر ئاستی ناوخۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانیان بکەن.
رووداو: چی بەسەر ئەو بەڵگەنامە و تۆمارانە دێت، کە تائێستا کۆتان کردوونەتەوە؟
یونیتاد: یونیتاد لە رێگەی کۆکردنەوە، شڕۆڤەکردن و زەخیرەکردنی بەڵگەنامەکانەوە پشتگیریی لە پرۆسەی لێپرسینەوە لە تاوانەکان کردووە. دەکرێت ئەو تاوانانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید لەخۆ بگرن. کارەکان بە بەرزترین ستاندارد کراون و هەموو بەڵگەنامەکان بۆ ئەوە ئامادەکراون لە دادگەکانی عێراقدا بەکاربهێندرێن. ئێستا ئێمە لە پرۆسەی پێدانی ئەنجامەکانی ئەو بەڵگەنامە و تۆمارانەین بە بەرپرسانی عێراق. ئەمەش بریتییە لە کۆپییەکی بەڵگەنامەکان بەشێوەی دیجیتاڵی بۆ حکومەتی عێراق و کۆپییەکیش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرشیف دەکرێت. پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەمان، سەرنج دەخەینە سەر مەشقپێکردن و دروستکردنی تواناسازیی بەرپرسانی عێراق؛ لەوانەش بەڕێوەبردنی بەڵگەنامەکان، پاراستنی شایەتحاڵەکان، پاڵپشتیی دەروونی، کنە و پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دادپزیشکیی دیجیتاڵ و ئەرشیفکردن و بە دیجیتاڵکردنی تۆمارەکانی پەیوەست بە داعش. ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی ئەو کار و پرۆسەیەی شەش ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکرد، بەردەوام بێت.
رووداو: لێدوانتان چییە لەسەر ئەو بەرپرسانەی حکومەتی عێراق کە چەند جارێک گوتوویانە چیدیکە پێویستییان بە ئەرکی ئێوە نییە و ئێوە لەگەڵ ئەوان هاوئاهەنگ نەبوون؟
یونیتاد: تیمی یونیتاد لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەسەر داوای عێراق دامەزرا. زیاتر لە شەش ساڵ تیمەکەمان لەلایەن چەندین بەرپرسی عێراقەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی خۆی پشتگیریی لێکرا. تیمی یونیتادیش بە هەمانشێوە پشتگیریی لە کارەکانی ئەو بەرپرسانە کردووە، ئەمەش وەک ئامانجێکی هاوبەش بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش. زۆر گرنگە ئەوە لەبەرچار بگیرێت، کە تیمەکە لەو شەش ساڵەدا، رۆژانە بە نزیکەیی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان لە کارکردن بەردەوام بوو، بەتایبەت لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و بەڕێوبەرایەتیی دادپزیشکی بۆ دابینکردنی کەلوپەل، ئامێر و فەراهەمکردنی یارمەتیی تەکنیکی و مەشقپێدان. ئەم کارەش پێویستیی بە هاوئاهەنگییەکی تەواو بووە و دەرئەنجامی زۆر باشی هەبووە لەوانەش:
- 68 گۆڕی بەکۆمەڵی پەیوەست بە داعش هەڵدراونەتەوە و قوربانییەکانی ناوی ناسێندراونەتەوە.
- 18 ملیۆن تۆماری کاخەزیی پەیوەست بە داعش بە دیجیتاڵکراون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەرشیفکراون. هەروەها، قەبارەیەکی گەورە لە بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆ لەو ئامێرانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستبەسەرکراون، ئەرشیفکراون.
- دەستپێشخەری و کاری لەمجۆرە بووە هۆی ئەوەی ئێمە بتوانین بە قەبارەی 40 تێرابایت [40 هەزار گێگا بایت] بەڵگە کۆبکەینەوە، ئەمەش پیشاندەری سەرکەوتنی ئێمەیە لەو ئەرکەدا. دووبارە، ئەمە بەبێ هاوئاهەنگیی بەرپرسانی عێراق نەدەکرا. تیمی یونیتاد بەردەوام دەبێت لە راوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ بەردەوامبوون لە گەیاندنی چالاکی و مەشقەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ