فەرمانی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگاری دیالە دەرچوو، ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆمار مەرسوومی کۆماری بۆ عەدنان شەممەری، پارێزگاری نوێی دیالە دەرکرد، گوتەبێژی پارێزگای دیالەش دەڵێت، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەکە لەلایەن پارێزگاری نوێ و پێشوو دەکرێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە عەدنان شەممەری، پارێزگاری نوێی دیالە کردووە و مەرسوومی کۆماریی دەستبەکاربوونی پێداوە.
رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024 یاسر بەدر، گوتەبێژی پارێزگاری دیالە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاری دەکەین بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی دیالە، لە چەند کاژێری داهاتوو ئەو کارە دەکرێت و ئەمڕۆ پۆستەکە لەلایەن پارێزگاری پێشوو رادەستی پارێزگاری نوێ دەکرێت."
دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، شەوی 1ی ئاب بە بەشداریی 13 ئەندامی ئەنجوومەن لە بەغدا، پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن یەکلایی کرایەوە.
عەدنان شەممەرى بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە نزیکە لە بەرەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر کوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.