پێنتاگۆن بۆ رووداو: گرووپەکانی سەر بە ئێران هێرشەکەی عەین ئەسەدیان کردووە

08-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئێمە دەزانین کە گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە لە پشت هێرشەکەی سەر عەین ئەسەدن. ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئابی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتیشی: " هەڵسەنگاندنی سەرەتاییمان وابوو کە حەوت سەرباز و کارمەندمان بریندار بوون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت کە  4 سەرباز و بەڵێندەرێکمان بریندار بوون. بە دوو مووشەک هێرشەکە کراوە و مووشەکێکی دیکە بەرپەچی دراوەتەوە."
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، راوێژکارێکی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند، لەسەر هێرشەکەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، فەرماندەی فەوجی هەواڵگریی حەشدی شەعبی و سێ چەکداری دیکە دەستبەسەرکراون.
 
جێگری گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن لەو بارەیەوە، گوتی کە ئەوان پێشوازی لەو هەنگاوەی عێراق دەکەن.
 
شەوی دووشەممە، 05-08-2024 و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار. 
 
دوو رۆژ دواتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت "بە دوو مووشەک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کرایە ئامانج، حەوت ئەمریکی بریندار بوون، کە تەندروستیی هەموویان جێگیرە."
 
گرووپێک بەناوی سەورییون (شۆڕشگێڕان)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، ئەو گرووپە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە.
 
دوای هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیادا گرت. ئۆتۆمبێلەکە 8 مووشەکی لە کۆی ئەو 10 مووشەکەی لەسەر بوو، کە بۆ هێرشەکە ئامادەکرابوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانی چارەسەریی ئەندازەییەوە هەڵوەشێندرانەوە."
 
ئەمە سێیەمجارە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هێرش دەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بەڵام یەکەمجارە برینداری لێبکەوێتەوە. لە کۆتایی مانگی تەممووز چەند هاوەنێک ئاراستەی بنکەکە کران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئەوکات رایانگەیاند، هاوەنەکان بە بنکەکە نەکەوتوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەک لەسەر شێوەی کارتی زانیاری.

کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کارتی زانیاری نامێنێت و تێکەڵ بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، لەگەڵ زیادکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەدا.