هەناردەی کاڵای هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
رێکارەکانی بەغدا ئاستەنگى بۆ گواستنەوەى کاڵاى هاوردە و بەرهەمى نێوخۆیی دروستکردبوو.
رێکارەکانی بەغدا ئاستەنگى بۆ گواستنەوەى کاڵاى هاوردە و بەرهەمى نێوخۆیی دروستکردبوو.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتى فیدراڵى ئەو رێکارانەى تاوەکو یەکى ئەیلوول راگرت کە لە بارەى گواستنەوەى کاڵا لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوور دەریکردبوون تاوەکو هەردوولا پێداچوونەوە بە رێنماییەکاندا بکەن.
 
رێکارەکە ئاستەنگى بۆ گواستنەوەى کاڵاى هاوردە و بەرهەمى نێوخۆیی دروستکردبوو، بەجۆرێک دەبوو کاڵاى هاودەکراو لە دەرەوە بە بازگەیەکى نەینەوا و بەرهەمى نێوخۆیی بە بازگەى کەرکووک دا تێپەڕ بێت، هەروەها کارگە نێوخۆییەکانیش مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن.
 
شوکرى جەمیل، سەرۆکى ژوورى بازرگانی و پیشەسازى دهۆک دەڵێت: "ئەو رێککەوتنەی لە بەغدا کراوە، بۆ ئەوە بووە ئەو کارگانەی کە مۆڵەتیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە گەشەپێدانی پیشەسازی، ئەو مۆڵەتانە لە عێراقیش دانپێدانراو بن." 
 
ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر لە 5ى ئاب بە نووسراوێک تێبینیی خۆى لە بارەى کێشە و لێکەوتەکانى ئەو رێکارانە ئاڕاستەى بەغدا کرد.

 

 
بەگوێرەى تێبینییەکان ئەو رێکارانە گواستنەوە کاڵاى هاوردەکراو ئەستەم دەکات ئەگەر تەنیا بە نەینەوادا تێپەرن، گواستنەوەى بەرهەمى ناوخۆییش تەنیا لە کەرکووکەوە تێچووى زۆر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بەرهەمەکانى کۆمپانیا نێوخۆییەکانى پارێزگاى دهۆک بن، ئەو رێگە دوورە ئەگەرى تێکچوونى هەندێک لە کاڵاکان زیاتر دەکات و نرخەکانیشیان زیاتر دەبن.
 
رێکارەکان لە یەکى ئاب-ەوە دەست بەجێبەجێکردنى کرا، لە 7ى ئاب شاندێکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدای کرد و رێککەوتن رێوشوێنەکە بۆ ماوەى نزیکەى سێ هەفتە رابگیرێت، بۆ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەردوولاوە پێداچوونەوە بە رێنماییەکاندا بکرێ. 
 
کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو کارگانەی کە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، وەکو خۆی، هەر وەکو پێشتر چۆن بەو پرۆسەیە بە بەردەوامی کارمان پێکردووە و پشتگیریمان کردووە، لە رێگەی نوێنەرایەتییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پیشەسازیی حکومەتی فیدراڵی، لەوێش نووسراو دەکەین بۆ هەر شوێنێک کە خاوەن کارگە دێت، بۆ نموونە بۆ گومرگ، بۆ فەرماندەیی بازگەکان و شوێنەکانی دیکە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ئەوەی کارگەکانمان دابخرێن." 
 
داواى هەرێمى کوردستان لە دژى ئەو رێکارانە ئەوەیە پێچەوانەى مادەى 24ى دەستوورە کە باس لە گەرەنتی ئازادیی هاتووچۆ و گواستنەوەى دەستى کار و کاڵا و سەرمایە دەکات لە عێراق.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە