رووداو دیجیتاڵ
لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق ئەمڕۆ خۆپێشاندان لە دژی هەمواری یاسای باری کەسی دەکرێت، خۆپێشاندەران داوا دەکەن هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و رەتبکرێتەوە.
هاوپەیمانی 188 کە لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزە مەدەنییەکان، چالاکڤانانی رێکخراوەکانی مەدەنی و ژنان پێکدێت، لە راگەیێندراوێکدا ناو و ناونیشانی ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8-8-2024) خۆپێشاندانی تێدا دەکرێت.
لە شارەکانی بەغدا، بەسرە، کەرکووک، نەجەف، دیوانییە، بابل، زیقار لە کاژێر 5:30ـی پاشنیوڕۆ خۆپێشاندانەکە دەکرێت، لە کەرکووکیش کاژێر 10:30ـی بەیانی.
ئیناس جەبار، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی رێکخراوی ئافرەتانی بەغدا، کە یەکێکە لەوانەی بانگەواز بۆ خۆپێشاندانەکە دەکات و ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانێتییەیە، بە رووداوی گوت "لە حەوت پارێزگا و هەشت شوێنی عێراق خۆپێشاندان لە دژی ئەو هەموارەی یاسای باری کەسییە دەکەین، کە عێراق و خێزانەکان و پێکهاتەکان دابەشدەکات و دژی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتانە و لەگەڵ بێبەشکردنی ژنان و کچانە لە میرات و مافەکانی دیکە، جگە لەوەی ئەو هەموارە رێگە بە بەشوودانی کچانی خوار تەمەن 10 ساڵ دەدات."
ئیناس جەبار ئاماژەی بەوەدا؛ دەیانەوێت پەرلەمان ئەو هەموارە رەتبکاتەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق شەش دەیەیە کاری پێدەکرێت هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام ئەم هەموارە کێشەی بۆ دروستدەکات.
هاوپەیمانی 188، ناوەکەی لە یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە 188ـی ساڵی 1959 وەرگیراوە.
هەمواری یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ