رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، سکاڵا لەسەر نووسەر و رۆژنامەڤانێک تۆماردەکات و داوای 250 ملیۆن دیناری لێدەکات. رۆژنامەڤانەکەش دەڵێت: "سکاڵاکە بەهۆی ئەوەوە بووە، رەخنەم لێی گرتووە."
بڕیارە 22ـی ئەم مانگە دادگە بڕیار لەبارەی سکاڵایەکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە بدات کە لە دژی قەیس حەسەن، رۆژنامەڤان و نووسەر تۆماریکردووە.
کازمی لە سکاڵاکەیدا داوای 250 ملیۆن دینار دەکات بەهۆی "ئەو زیانە مادی و مەعنەوی"یەی بەهۆی گوتارێکی ئەو رۆژنامەڤانەوە لێیکەوتووە.
قەیس حەسەن، رۆژنامەڤان و نووسەر، کە لە کەناڵی ئەلعێراقییە کاردەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکەی مستەفا کازمی، بەهۆی گوتارێکمەوەیە، کە لە 30ـی حوزەیرانی ئەمساڵ لە هەژماری خۆم لە فەیسبووک بڵاوم کردووەتەوە و تێیدا گوتوومە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراق شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە خزمەت بکەن."
سکاڵاکە رۆژی 16ـی تەمموزی ئەمساڵ لە دادگەی بەرایی کەرخ لە بەغدا تۆمارکراوە، رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئاب، دووەم دانیشتنی دادگەکە بووە. دادگە بڕیاری دا دۆسیەکە بۆ شارەزایەک بنێرێت پێش ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات.
سکاڵالێکراو بە ئاسایی دەزانێت کە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، بەڵام دەپرسێت: "ئایا مستەفا کازمی دەتوانێت سکاڵا لەسەر ئەوانەی لە دەسەڵاتن و دەسەڵاتیان هەیە تۆمار بکات؟ دەتوانێت سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە بکات کە لە کەناڵەکانەوە رەخنەیان لێدەگرت؟ یان لە دژی ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان کە سووکایەتی نەما پێینەکەن؟، بەڕاستی ئەوەم پێناخۆشە."
مستەفا کازمی، کە لە 7ی ئایاری 2020 بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە 8-10-2021 بەدواوە وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کاروباری حکومەتی بەڕێوەبرد.
رۆژی 27ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە و کابینەى نوێى حکومەتی بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەى پەسندکرد.
کازمی، ناوی تەواوی مستەفا عەبدوللەتیف مشەتت غەریباوییە، لە بنەڕەتدا خەڵکی شەتڕەی پارێزگای زیقارە، لە ساڵی 2016 بووە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ