وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت گرووپە چەکدارەکان لە عێراق لەژێر فەرمانی دەوڵەتدا بن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای سەربازیی عێراق لە واشنتن دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەوان لەگەڵ حکومەتی عێراق، دووپاتیان لە لەنێوبردنی یەکجارەکیی داعش لە عێراق و سووریا کردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیای رووداو لە واشنتن، لەبارەی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا و عێراق رایگەیاند، "دیالۆگی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق بۆ هاوئاهەنگیی ئەمنی، ئەمڕۆ لە واشنتن لە پێنتاگۆن کۆتاییهات. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەوێ ئامادە بوو، گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە داهاتووی هاوبەشی ئەمنیی ئەمریکا و عێراق".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هەردوولا پابەندی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش و دواتریش راگەیێندراوێکی هاوبەشمان دەبێت کە باس لە کۆبوونەوەکان بکات، بۆیە نامەوێت باس لە وردەکاریی زیاتر بکەم پێش بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە، بەڵام لەوێدا وردەکاریی زیاتر تێدایە لەبارەی ئەوەی لە کۆبوونەوەکان چی باسکراون".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سەبارەت بە شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق، دڵنیا نیم ئەگەر لێرە کۆبوونەوە یان لە وەزارەتی دەرەوە، بەڵام لە پێنتاگۆن کۆبوونەوەیان هەیە و باڵیۆزی ئەمریکاش بۆ عێراق بەشدارە لەو کۆبوونەوانە کە باس لە هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و عێراق دەکات، چ شتێک وای لە ئێوە کردووە کە بگەنە ئەو باوەڕەی پەیوەندییەکان فراوانتر بکەن لە شەڕی داعش، هەروەها ئەم هاوئاهەنگییە سەربازییە چ کاریگەرییەکی لەسەر کاری دیپلۆماسیتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟
ماتیو میلەر: تۆ راست دەکەیت، دیالۆگی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق بۆ هاوئاهەنگیی ئەمنی، ئەمڕۆ لە واشنتن لە پێنتاگۆن کۆتاییهات. باڵیۆزی ئەمریکا عێراق لەوێ ئامادە بوو، گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە داهاتووی هاوبەشی ئەمنیی ئەمریکا و عێراق، هەردوولا پابەندی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکیی داعش و دواتریش راگەیێندراوێکی هاوبەشمان دەبێت کە باس لە کۆبوونەوەکان بکات، بۆیە نامەوێت باس لە وردەکاریی زیاتر بکەم پێش بڵاوکردنەوەی ئەو راگەیێندراوە، بەڵام لەوێدا وردەکاریی زیاتر تێدایە لەبارەی ئەوەی لە کۆبوونەوەکان چی باسکراون.
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی هێزە نیمچە سەربازییەکان و هەروەها هێزەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران. لە راپۆرتی وەرزی ئەم دواییەدا بۆ کۆنگرێس ئاماژەتان بەوەداوە کە هەتا سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە، هاوکات نیگەرانی زۆر لەلایەن پێکهاتەکان بەتایبەتیش لە دەشتی نەینەوا سەبارەت بەو گرووپانە و حەشدی شەعبی هەیە، ئەمریکا چۆن ئەم گرووپانە دەبینێت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، هیچ نیگەرانییەکتان سەبارەی بە داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە هەیە کە ئەوان خەریکە بەهێزتر دەبن و هێزی زیاتریش لە بەغدا بەدەستدەهێنن؟
ماتیو میلەر: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پشتگیریی لە عێراقێکی سەقامگیر، ئارام و سەربەخۆ دەکات، لەوبڕوایەداین کە بەوجۆرە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و گەلی عێراق پێشتردەخات. لەوبڕوایەشیدان کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن لە عێراق، دەبێت لەژێر فەرمان و کۆنترۆڵی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا بن. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی هاوبەش بین لە هاوکاریکردن و رۆڵی بنیاتنەر ببینین لەو ئامانجەدا بۆ عێراقییەکان.