عێراق هاوردەکردنى شەربەت، کێک و ساردەمەنی رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى فیدراڵیى عێراق هاوردەکردنى شەربەت، کێک و ساردەمەنى بۆ ماوەى ساڵێک رادەگرێت؛ هەروەها گومرگى سەر هاوردەکردنى ئاژەڵ کەم دەکاتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە پێویستى بە رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانە".
وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا چەند بڕیارێکى نوێى لەبارەى هاوردەکردنەوە بڵاوکردەوە، دواى ئەوەى ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى کۆبووەوە.
ئەو ئەنجوومەنە بڕیاریدا کە چەند خواردنەوە و خۆراکێک لە لیستى هاوردەکراواندا بسڕێتەوە و چی دیکە رێگە بە هەناردەکردنیان نەدرێت، کە بریتین لە شەربەت، کێک، بەرهەمى هەویرکارى و ساردەمەنى.
دواى ساڵێک پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت، ئەوەش دواى هەڵسەنگاندنى لایەنى ئەرێنى و نەرێنى بڕیارەکە لەسەر بازاڕى نێوخۆیی.
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنى وەزاریى ئابوورى عێراق ئەوەیە کە گومرگی هاوردەکردنى ئاژەڵى سەربڕین بۆ 4% کەم بکرێتەوە و ئەو کەسانەى کە هاوردەى دەکەن دەتوانن لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیی بانکى ناوەندییەوە دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، کە 1320 دینار بەرامبەر بە یەک دۆلارە.
ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن و ئەندامێتی وەزیرانى دارایی، پلاندانان، بازرگانى، پیشەسازى، کشتوکاڵ و پارێزگارى بانکى ناوەندى و سەرۆکى دەستەى کاخەزە داراییەکان و راوێژکارانى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى و یاساییە.
8ى ئابى 2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق، رسوماتى زیادەیە وەک بڕیارى نوێ لە چوارچێوەى پێناسى گومرگى.
لەبارەى جێبەجێکردنى ئەو بڕیارەوە لە هەرێمى کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان رایگەیاند، پێویستە بە نووسراوى فەرمى بگاتە لیژنەى باڵاى ئابوورى و ئەوانیش رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بکەن بە مەبەستى بڕیاردان لەبارەیەوە.