رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "داوای هەڵبژاردنی پێشوەختمان کردووە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە دوو رێڕەو، یەکەم سیاسییە، کە بریتییە لە بوونی کۆدەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەر هەبێت. رێککەوتن بکرێت لەبارەی وادەی هەڵبژاردن".
10 رۆژە خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا بەردەوامە، مانگرتن و خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا پێدەنێتە رۆژی دەیەم، تائێستاش هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر بەدی ناکرێت.
یەکێک لە داواکارییەکانی سەدر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، وەک هێزێکی سەرەکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیوایە کێشەکان زیاتر دەکات.
کازم ئەلحەیدەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێمانوایە کێشەکان زیاتر دەکات، ئەزموونێکمان هەیە دوای حکومەتەکەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، هەڵبژاردنی پێشوەخمان کرد، ئەوکات دەرهاویشتەکانمان بینی و بینمان حکومەتی کاتیش کارەکانی چۆنە، بۆیە ئەمە چارەسەری راستەقینە نییە بۆ دۆخی عێراق، بەڵکو ئەوەی پێویستە چارەسەری ریشەیی و راستەقینە و کردەییە، کە جێگەی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی گەل بێت. تەنانەت برایانی کورد و سوننەش هەمان نیگەرانیان لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئێستا هەیە".
لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەک دەنگ نین و بۆچوونیان جیاوازە، هەندێکی دیکە داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن. بەتایبەتی ئەوانەی لە دوایین هەڵبژاردندا کورسیی کەمیان هێناوە. موقتەدا سەدریش لە نوێترین هەڵوێستیدا رایگەیاند، هەڵوەشاندنی پەرلەمان جێگرەوەی نییە.
د. وەلید سەهلانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری وەک هێزێکی سەرۆکی سەرەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت، پێویستی بە میکانیزم و زەمینەسازییە. گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان لایەنەکان باشترین بژارەیە، بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی، هادی عامری-یش، تەواوی هەوڵەکانی خۆی خستووەتەگەڕ، بۆ لێکنزیکردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنە ناکۆکەکان.
ئایات موزەفەر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "پێشتر و ئێستاش داوای دانیشتنمان لەسەر مێزی گفتوگۆ کردووە و دەکەین، چونکە ئەم دانیشتنە هەموو لایەنە یەکتربڕ و ناکۆکەکان کۆدەکاتەوە جا یەکتربڕینەکان هەر چەندبن. داوای هەڵبژاردنی پێشوەختمان کردووە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە دوو رێڕەو، یەکەم سیاسییە، کە بریتییە لە بوونی کۆدەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، یاسایەکی هەڵبژاردنی دادپەروەر هەبێت. رێککەوتن بکرێت لەبارەی وادەی هەڵبژاردن و شێوەی ئەو حکومەتە لەگەڵ ئەوەی قۆناخی دوای هەڵبژاردن چۆن دەبێت بۆ ئەوەی تووشی گرفتی سیاسی نەبین وەکو ئەوەی لەم قۆناخەدا تێیداین. رێڕەوەکەی دیکە تەکنیکییە و بریتییە لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن".
بۆ نێوەندگیریی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، تائێستا سێ دەستپێشخەری خراونەتەڕوو، یەکەمیان دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. دووەمیان دەستپێشخەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێترینیانیش دەستپێشخەری نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ