کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق مانگرتنیان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراقەوە مانگرتنی گشتییان راگەیاند و لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە بەشداری لە مەزادی تایبەت بە دراوی بانکەکەدا ناکەن، بەرپرسێکی رابیتەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، دەڵێت: "بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای دینار."
لیژنەی هاوئاهەنگیی خۆپێشاندانەکانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیارێکی بانکی ناوەندی بە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەهۆی رژدبوونی بانکی ناوەندی لە زیانگەیاندن بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و پاڵنانی بە کۆمپانیاکانەوە بۆ قەدەخەراوەکان و گوێنەدانی بە داواکارییە رەواکانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، کە لەگەڵ یاسا گونجاوە، بڕیارماندا بە مانگرتنی گشتی و داخستنی کۆمپانیاکان و لە رۆژی چوارشەممە 10ـی ئەم مانگەوە تاوەکو کاتێکی نادیار بەشداری لە مەزادی دراو ناکەین."
بڕیارەکەی ئەو کۆمپانیایانە دوای ئەوە دێت 1ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی عێراق رێکاری نوێی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران راگەیاند، بەپێی بڕیارەکە کە لە 14ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت، لەو رۆژە بەدواوە لە رێگەی پەنجەرەی کۆمپانیاکان و بانکەکانەوە لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت، بانکەکە ئامانجی بڕیارەکەشی وا روونکردووەتەوە گوایە:" بۆ گەیشتنی دۆلارە بە گەشتیاری راستەقینە و بەکارهێنانییەتی لە مامەڵەی دروست، جگە لەوەی بڕیارەکە دەبێتە هۆی خێرا پێڕاگەیشتنی گەشتیار بە دۆلار."
ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە رابیتەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پێیانوایە ستەمیان لێدەکرێت، بۆیە بڕیاری خۆپێشاندانیشیان داوە، ئەگەر مۆڵەتیان پێبدرێت، چونکە داواکاریی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ خۆپێشاندان پێشکێشکراوە."
ئەحمەد جاف پێیوایە، ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەوە: "بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار."
بڕیاری مانگرتنەکە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە ئەوان دۆلاریان پێنادرێت، وەکو ئەو بەرپرسە روونیکردەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 8ــی تەممووز، بۆ یەکەمجار لە دوای نێوەڕاستی ئاداری ئەم ساڵەوە، بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 150 هەزار دینار و بەپێی زانیارییەکان، کێشە لە ناردنی حەواڵە هۆکاری دابەزینی بەهای دینارە.