بانکێکی عێراق 50 ملیۆن دۆلار بۆ نەخۆشخانەیەک دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ئەهلیی عێراق، رایگەیاند رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پێدانی بڕی 50 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک. 
 
بانکەکە، رۆژی دووشەممە، 8-7-2024 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە: "لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، دەوڵەتی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانکی ئەهلیی عێراقی رێککەوتننامەیەکی سەرەتایی بۆ پارەدارکردنی بونیادنانی نەخۆشخانەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان بە بەهای 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی واژۆکرد."
 
بەپێی راگەیێندراوی بانکەکە: "پارەدارکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە لەلایەن بانکی ئەهلیی عێراقی بە ئامانجی پشتیوانیکردنی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە باشترکردن و کوالیتیی چاودێری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێشکەوتووەکان بۆ دانیشتووانەکەی.
 
ئەیمەن ئەبو دهێم، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانکی ئەهلیی عێراق رایگەیاند: "لەبانکی ئەهلیی عێراقی شانازی بە پارەدارکردنی دامەزراندنی ئەو نەخۆشخانە نوێ و پێشکەوتووە لە هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم دەستپێشخەرییە نیشاندەری پابەندبوونی بەردەواممانە بە پشتیوانیکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ژێرخان کە لەبەرژوەندیی کۆمەڵگەکەمان دەشکێتەوە و رۆڵی دەبێت لە باشترکردنی کوالیتیی ژیانی هاووڵاتیان." 
 
ئەبو دهێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو پڕۆژەیە نموونەیەکە بۆ هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت بۆ رۆڵگێڕان لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام. روونیشیکردەوە ئەو پڕۆژەیە لەپاڵ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشیکیی کوالیتی بەرز بۆ هاووڵاتیان، رۆڵی لە دۆزینەوەی دەرفەتی کاریشدا دەبێت، جگە لە تۆکمەکردنی گەشەپێدانی ئابووری، بەو شێوەیەی ئەرێنیانە کاریگەریی لەسەر گەشەپێدان و پێشڤەچوون لە عێراق دەبێت.
 
بانکیی ئەهلیی عێراق، کە یەکێکە لەو بانکانەی بەشداریی پرۆژەی هەژماری منی کردووە، ئاماژەی بەوەداوە، کە مووچەی 200 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانیان بەجێکردووە، هەروەها زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار پێشینەی جۆراوجۆریان بە 80 هەزار فەرمانبەر داوە. جگە لەوەش قەرزیان بە زیاتر لە هەزار کۆمپانیا داوە.