رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرەتای وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی دووەمی پەرلەمانی عێراقی دیاریکرد.
فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 08-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی 09-07-2023ـی دیاریکرد وەک دەستپێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد لیژنەکان لە 09-07ـەوە دەست بەکاری یاسادانان و چاودێری دەکەن و یەکەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانانیش رۆژی 15-07-2023 دەبێت.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 08-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەرزی یەکەمی پەرلەمان لە 05-05 تەواو دەبوو، بەڵام بەهۆی یاسای بودجەوە مانگێک درێژکرایەوە بۆ 09-6 و بودجەش لە 12- 6 پەسندکرا؛ واتە وەرزی رابردووی پەرلەمان لە بری چوار مانگ، زیاتر لە پێنج مانگی خایاند".
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12-6-2023 بوو، کاتێک پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 پەسند کرا.
بەپێی مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو سی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ