فراکسیۆنی عەزم داوا دەکات هەڵبژاردنی قایمقامەکان لە نەینەوا دوابخرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی عەزم لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکات هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دوابخات. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت پرۆسەی بەربژێرکردنیان لەلایەن پارێزگارەوە بێت نەوەک ئەنجوومەن. پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی قەزا و ناحیەکان دەکات.
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی فراکسیۆنی عەزم لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی شەممە 08-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە، پرۆسەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دوابخرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی عەزم دەڵێت، میکانیزمی هەڵبژاردنەکە هەڵەیە و رێگە دروستەکە ئەوەیە پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێر پێشکێش بکات و ئەنجوومەنیش یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
 
بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 6ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت و دوای شەش مانگ و لە قۆناخی دووەمدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەکان دەکرێت. تاوەکو ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنی قەزا و ناحیەکان نەکراوە.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی ئەو پارێزگایە، داوای هەڵبژاردن دەکات.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوا دەکەین یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان لە عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، هەڵبژاردن لە قەزا و ناحیەکانی نەینەوا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بەگوێرەی یاسا ئەنجوومەنی پارێزگا مافی نییە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هەڵبژێرێت، بەڵکو پێویستە هاوشێوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان، هەڵبژاردن لە قەزا و ناحیەکان بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بکرێت.
 
لەو بارەوە ئەحمەد عەبد رەبە گوتی، دەبێت ئەنجوومەنی قەزاکان قایمقام هەڵبژێرن، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی قەزاکان نەکراوە، رێگە دروستەکە ئەوەیە پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێر پێشکێش بکات و ئەنجوومەنیش یەکێکان هەڵبژێرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی عێراق نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەت کردووە تاوەکو بۆچوونی وەربگرێت لەبارەی هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
 
ئەوە لە کاتێكدایە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەرگای بەربژێربوونی بۆ پۆستی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنەکە بە دەنگدان ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە. 
 
لە 28ـی ئادارەوە بۆ 14 ئایار دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە. 10 کەس سیڤی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد.
 
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، قایمقامی شنگال هەڵبژێرێ، بەڵام پرۆسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
 
لە رۆژی 30-05-2024-وە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی قایمقامەکانی تلکێف و تەلەعفەر لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە، مەحلبییە، شۆرە و باشیک کرایەوە و رۆژی پێنجشەممە 06-06-2024 وادەکە کۆتاییهات.