قەیس خەزعەلی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک 4 مەرج رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

قەیس خەزعەلی چوار مەرجی دیاریکردووە بۆ دەنگدان بە پێشنیازەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان. بەپێی مەرجەکانی بێت نابێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت. هەروەها نووری مالیکیش پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکات بەو مەرجەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەر نەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە 8-6-2022، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تویتێکدا لە هەژمارەی تویتەری خۆیدا دەڵێ، بە دەنگدان و دەنگ نەدان بە یاسای ئاسایشی خۆراک پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت: 
یەکەم: پێچەوانەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی نەبێت تایبەت بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری رۆژانە، ئەمەش مانای وایە بوار بدرێتە حکومەت بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی بەجێ بگەیێنێت لە بابەتی کارەبا، خۆراک، پێدانی شایستەی دارایی جووتیاران و هاوشێوەکانی. 
 
دووەم: ئەو پارە زیادەی لە فرۆشتنی نەوت لە کێڵگەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بەدەستهاتووە، بۆ ئەو پارێزگایانەیە کە لە هەرێمێکدا رێکنەخراون.  لەم
 
سێیەم: گەرەنتی مافی وانەبێژان و خانەنشینان. 
 
چوارەم: دەستەبەرکردنی مافی ئەوانەی لەنێو حەشدی شەعبی گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.  
 
لە خاڵی دووەمدا خەزعەلی ناڕاستەوخۆ مەبەستیەتی کە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکرێت، چونکە زۆربەی لایەنە شیعەکان باس لەوە دەکەن، ئەو پارە زیادەیە هی نەوتی عێراقە و هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکی رادەست نەکردووە، بۆیە نابێت هیچی بۆ تەرخان بکرێت. 
 
هەروەها بەپێی راگەیێندراوێکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کاتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتوویەتی، "هەڵوێستمان بریتییە لەوەی پشتیوانی هەموو یاساکە دەکەین، کە پەیوەندیداربێت بە داواکارییەکانی دەرچووان، وانەبێژان، جووتیاران، هەژاران، پشتیوانی کەرتی وزە و کارەبا، بەو مەرجەی پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی و دەسەڵاتە نووسراوەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر."