لە عێراق چیرۆکێکی خۆشەویستی بە تراژیدیا کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەواژەی "حق دينا ثائر" واتە "مافی دینا سائیر" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی تەنیوە. ئەمەش دوای ئەوەی کچێکی خەڵکی پارێزگای دیوانییەی باشووری عێراق کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی رێگەیان پێنەدا شوو بە کوڕێکی ناسیاویان بکات، کە ساڵانێکی زۆربوو یەکدیان خۆشویستووە.
سەیف ساڵحی، کە خۆشەویستی دینا سائیر بووە بە (رووداو)ی راگەیاند، خۆشەویستەکەی دوێنێ دووشەممە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو دەڵێت سەرەڕای جیاوازی تەمەنیان، کە دینا لە 2001 و ئەویش لە 1991 لە دایکبووە، بەڵام دەمێکبوو یەکدیان خۆشدەویست.
سەیف ساڵحی ئاماژەی بەوەدا سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەو خێزانە بەشەڕهاتوون، هەرچەندە هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئاشتبوونەوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان شکستی هێناوە.
بە گوتەی ساڵحی ئەوەی رێگربووە لەگەڵ خۆشەویستەکەی بە ئاواتی خۆیان بگەن، دایکی و خاڵی دینا بوون. ساڵحی دەڵێت: "ئەوان دەیانویست دینا شوو بە کوڕە خاڵەکەی بکات، بەڵام دینا بە هەموو شێوەیەک ئەمەی رەتکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زۆریانداوە تاوەکو رق و کینە لە دڵی دینا دروست بکەن لە دژی ئەو و ئابڕووی ببەن، بەڵام دینا نەچووەتە ژێر باریان، بۆیە رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەدان بووەتەوە لەلایەن دایکییەوە".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، ساڵحی دووپاتیکردەوە، کە دینا تۆماری دەنگی بۆ ناردووە لەو کاتەی رووبەڕووی لێدان دەبێتەوە لەلایەن دایکییەوە، بەڵام ئەو سووربووە لەسەر ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ دینا بکات. پێنجشەممەی رابردووش مامێکی ناردووە بۆ ئەوەی دایکی دینا رازی بکات، بەڵام دوای ئەوەی مامەکەی گەڕاوەتەوە، دینا لەلایەن دایکی و خاڵییەوە بەردەوام تووندوتیژی بەرامبەر کراوە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.