شاندێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراق سەردانى هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق سەردانى هەولێر دەکات و لەگەڵ لیژنەى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان بۆ پێکهێنانى سکرتارییەتى هاوبەشى نێوانیان کۆدەبێتەوە.
مەریوان قەرەنى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 8-5-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، شاندێکى لیژنەکەیان 8ـی ئایار سەردانى نەینەوا دەکات و دواتر سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.
مەریوان قەرەنى گوتیشى، "شاندەکەى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ لیژنەى ناوخۆى پەرلەمانى کوردسان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى سکرتارییەتى هاوبەشى نێوانیان کە رەشنووسەکەى ئامادەکراوە و بڕیاردانى ماوە".
پێشتر لە کانوونى دووەمى 2023 شاندێکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى پێکھێنانى ئەو سکرتارییەتە هاوبەشەى نێوانیان.
ئەو سکرتارییەتە هاوبەشەى بڕیارە لەنێوان هەردوو لیژنەکەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و عێراق پێکبهێندرێت بەمەبەستى هاوئاهەنگیکردن لە دەرکردنى یاساکان و چارەسەرى گرفتەکانى تایبەت بە هێزەکانى ناوخۆ و دەرکردنى بڕیارە پەیوەندیدارەکان بەو هێزانەوە.