بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێن، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە.
ئەمڕۆ شەممە 8/5/2021، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 2:30 فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کەوتەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.
وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا رایگەیاند، هێرشەکە ئەم بەیانییە ئەنجامدراوە و ئاماژە سەرەتاییەکانیش دەریدەخەن کە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە. هەروەها وەین مارۆتۆ گوتیشی، هیچ کەس بریندارنەبووە و لێکۆڵینەوەکانیش دەستیان پێکردووە.
ئەوە دووەمجارە کە لە ماوەکانی رابردوودا بە درۆنی تی ئێن تیکراو هێرش ئەنجام دەدرێت، دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەکی شەوی 14ی نیسانی 2021 یش هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی پێشووی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ساڵی 2020دا، هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بنکەی ئاسمانیی بەلەد و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە دیارترین ئەو ناوچانەن کە تا ئێستا بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
ئەو گرووپانەی بەردەوام تۆماتباردەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکان بریتین لە حیزبوڵڵا، رەبعوڵڵا، ئەهلولکەهف، ئەولیا دەم کە گرووپی شیعەن و بەوە دەناسرێن زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن.
لە دوای کوژرانی سولەیمانی تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو 9 گرووپی جیاوازی چەکداری شیعە لە عێراقدا سەریان هەڵدا. کە بریتیبوون لە سەرایا ئەولیا ئەلدەم، ئەسحاب ئەلکەهف، عوسبەت ئەلسائیرین، سریەکانی شۆڕشی تشرین، هێزەکانی زولفەقار، سەرایا ئەلمونتەقیم، تۆڵەی موهەندیس، تێکشکێنەری تووڕە و ئەلغاشیە.
سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارە نەناسراو و نوێکان لە عێراق، پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت: ئەو گرووپانە تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو 57 هێرشیان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر بنکە و پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها 66 هێرش بۆ سەر کاروانەکانی گەیاندنی پێداویستی لۆجستی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.
ئەو گرووپە نوێیانە بۆ پڕوپاگەندە بۆ چالاکییەکانیان ئەپلیکەیشنی تێلیگرام بەکاردەهێنن؛ ئەو گرووپانە چەندین گرووپی جیاوازیان بەناوەکانی 'سابرین نیوز'، 'ئەبوو چەرخ'، 'رەبعوڵڵا' و 'کوڕە پیرەکە' دروستکردووە و بەردەوام پڕوپاگەندەی بۆ ئەو چالاکییانە تێدا دەکرێت کە گرووپەکان ئەنجامیدەدەن.