لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان، پارێزگاری نەینەوا بانگهێشتی دادگە دەکرێت

08-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر سکاڵاى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، پارێزگارى پارێزگاکە لەلایەن دادگەوە بانگ دەکرێت، ئەگەر لە ماوەی سێ رۆژدا ئامادە نەبێت، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەردەکرێت. 
 
بڕیارى بانگکردنەکە لە 7ـی نیسانى 2025 لەلایەن دادگەى لێکۆڵینەوەى تایبەت بە دۆسیەکانى گەندەڵى نەینەواوە دەرکراوە، داوا لە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى شارەکە کراوە لەبەردەم دادگە ئامادەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسیەى "رێگرى لە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی تایبەت بە دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا." 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 8ـی نیسانى 2025) محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بانگکردنى پارێزگار لەلایەن ئەو دادگەیەوە لەسەر سکاڵایەک بووە، کە مەروان تائی، سەرۆکى لیژنەى دەستپاکى ئەنجوومەنى پارێزگا پێشکێش بەو دادگەیەى کردووە. 
 
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کران.
 
26ـی کانوونى یەکەمى 2024، دادگەى کارگێڕى سکاڵاى 7 قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو. چواری ئاداری 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵی سکاڵایەکى پارێزگارى نەینەواى لە دژى ئەو گۆڕانکارییانە رەتکردەوە.
 
محەممەد کاکەیی گوتی، "ئەو پرسە بە هەڵپەسێراوى ماوەتەوە و هەوڵێک شکستى هێناوە بۆ ئەوەى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە."
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا پێشبینى دەکات؛ پارێزگارى نەینەوا بچێتە بەردەم دادگە.
 
لە بڕیارەکەى دادگەکەى نەینەوادا هاتووە، ئەگەر لە ماوەى سێ رۆژدا پارێزگار ئامادە نەبێت بچێتە بەردەم دادگە، فەرمانى دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سوودانی و فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەڵەوڵەتیی دژی داعش

سوودانی: پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.