رووداو دیجیتاڵ
لە کۆمەڵگەیەکی ناحیەی زومماری سنووری پارێزگای نەینەوا لەسەر خاک کێشە دەکەوێتە نێوان کورد و عەرەبی هاوردە، عەرەبەکان دەست بەسەر خاک و خانووی کورد دا دەگرن، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، پارێزگاری نەینەوا لیژنەیەکی پێکهێناوە، بەڵام تائێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە.
ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024، بە رووداوی راگەیاند، رژێمی پێشووی عێراق لە 1974 کوردانی هۆزی هەسنیان-ی لە کۆمەڵگەی بەردییە دەرکرد تاوەکو 2003؛ ساڵی 1985 کاتێک کە بەنداوی موسڵ دروستکرا، هەندێک گوندی کورد و عەرەب ژێرئاوکەوتن، بۆیە رژێمی ئەوکات، دانیشتووانی ئەو گوندە عەرەبانەی لە کۆمەڵگەی بەردییە نیشتەجێکرد.
دەشڵێت، دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە 2003 و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە ئەو کوردانە گەڕانەوە زێدی خۆیان و عەرەبی هاوردە شوێنەکەیان بەجێهێشت، یەکێک لەوانە هۆزی جێسەری سەر بە هۆزی گەورەی جبوور بوون، ئەمانە لە سەربازگەی دۆمیز جێگیربوون، دواتر سوپای عێراق سکاڵای لەسەر تۆمارکردن، بەوەی دەبێت سەربازگەکە چۆڵ بکەن، بۆیە ئەوانیش دەڵێن دەگەڕێینەوە بەردییە و هۆزی هەسنیان-یش قبوڵی ناکەن.
کۆمەڵگەی بەردییە نزیکەی 300 ماڵە، دەکەوێتە ناحیەی زوممار، کە بەپێی دەستووری عێراق ناوچەی ناکۆکی لەسەرە، لە رووی ئیدارییەوە زوممار سەر بە قەزای تەلەعفەرە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار كەسە و لە كورد و عەرەب پێكدێن، نزیكەی 80 گوندە و نیوەی کورد و نیوەی عەرەبن. حەوت گوندی ناحیەكەش لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب لەسەردەمی رژێمی بەعسدا خراونەتە سەر ناحیەی رەبیعە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پارێزگاری نەینەوا لیژنەیەکی پێکهێناوە، بەڕێوەبەری ناحیەی زومماری کە خۆی ئەندامی لیژنەکەیە دەڵێت، رۆژی هەینی لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا کۆبوونەوە و ئەویش بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا، هۆزی هەسنان دەڵێن زەوی باوک و باپیرانمانە تاپۆیان هەیە، عەرەبەکانیش دەڵێن حکومەتی عێراق ئەوانیان هێناوە، بۆیە تائێستا ئەو کێشە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکات، رۆژی دووشەممە، 8ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە خانووەکان، کێشە لەسەر 150 دۆنم زەوییشە.
دەشڵێت، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی هاتوونەتە ناوچەکە دووبارە ئەو کوردانەیان دەرکرد، عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و دەستیان بەسەر زەوی و زاری کوردی هۆزەکانی هەسنیان و بەشێکی هۆزی میرانیدا گرتووەتەوە. بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەڵێت کێشەکە لەسەر 200 خانووی کۆمەڵگەکەیە، نەک زەوی.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە دەڵێت، پارێزگاری نەینەوا بڕیاریداوە نووسراو بۆ بەغدا بکرێت تاوەکو تاپۆی ئەو زەوییانە بهێنرێن، ئەوکات خاوەندارییەتیان روون دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەڵێت، زۆربەی ماڵە کوردەکان لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 ناوچەیان چۆڵکردووە و نەگەڕاونەتەوە، بۆیە خانووەکانیان چۆڵە، ئەو عەرەبانەش دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو ئەو خانووانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ