دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک لەسەر مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی 12ـی مانگی داهاتووی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک دیاری کردووە، کە لە لایەن پارێزەرێکی کوردەوە لەبارەی مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوانەوە بەپێی یاسایەکی پەرلەمانی کوردستانەوە تۆمارکراوە. ئەو پارێزەرە دەڵێت" ئەو یاسایە کێشەی زۆری دروستکردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی مەرجەکانمان کردووە."
 
پارێزەر بەرهەم رەئوف عەلی، کە سکاڵاکەی کردووە، بە رووداوی راگەیاند، سکاڵاکەی ئەو لە دژی مادەی سێی یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2008ـی پەرلەمانی کوردستانە کە هەمواری یاسای ژمارە 188ـی ساڵی 1959ی یاسای باری کەسێتییە. 
 
ئەو پارێزەرە گوتی: "بەدیاریکراوی لەو مادەیەدا باسی مەرجەکانی هێنانی ژنی دووەم کراوە، کە سەرباری رازیبوونی هاوژینی یەکەمی کەسەکە، رازیبوونی دادوەر و ژمارەیەک مەرجیش داریکراون، تەنانەت ئەگەر ژنی یەکەمیش رازی ببێت و دادوەری رازی نەبێت ئەو کارە ناکرێت، ئەم یاسایە و بەتایبەت مەرجەکانی کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین."
 
بەرهەم رەئوف عەلی پێیوایە، بەهۆی ئەو هەموارەوە جگە لە کێشە، دژبوونی لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی عێراق و دەستووریش، رێژەی جیابوونەوەش زیادیکردووە.
 
سکاڵاکە لە 17ى ئادارى 2024، لە دژی سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە، بەگوێرەى ئەو هەموارە حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ ئەوەى کەسێک بتوانێت ژنی دووەم بهێنێت، ئەگەرنا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە ئەو مەرج و سزایانە لە یاسای بارى کەسێتى ژمار 188ى ساڵى 1959دا نەبووە، کە لە عێراق کارى پێدەکرێت. 
 
بەرهەم رەئووف گوتی: "سکاڵاکەی ئێمە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەیە کە لە دادگەکاندا هەن و لەسەر ئەو بنەمایەیە ئەو هەمواری یاسایە لەدژى دەستوورى عێراقە و لەو دەستوورەدا هاتووە نابێت هیچ یاسایەک دەربچوێندرێت، کە پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلام بێت."
 
بەگوێرەى مادەى 7ى یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم، کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
 
پێشتر لە 30ى تشرینى دووەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" زانیوە. لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە: "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت."
 
بەگوێرەى بڕگەى پێنجى مادەى 40ـی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگە ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوژینى یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکێش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.