سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هێرشی تورکیا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەبێت داوای لێبووردن بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی عێراق سەرکۆنەی "هێرشی تورکیا" بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و دەڵێت، هیچ پاساوێک نییە کە رێگە بە تورکیا بدات لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا جموجووڵ بکات.
رۆژی شەممە، 8ـی نیسانی 2023، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە ئەم هێرشە ئاشکرایانە بۆ سەر عێراق و سەروەرییەکەی شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی رێگە بە هێزەکانی تورکیا بدات بە بیانووی بوونی هێزی دژبەر لەنێو خاکی عێراق درێژە بە رێبازەکەیان لە تیرۆرکردنی خەڵکی سڤیل بدەن."
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات "بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبوردنێکی فەرمی لە بەرامبەر ئەو کارانە پێشکێش بکات؛ ئەم هێرشانە رابگرێت و کێشە نێوخۆییەکانی بە کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بکات."
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هۆشداریش دەداتە تورکیا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، "هەڵوێستێکی تووندمان دەبێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوە لە داهاتوودا."
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە"، دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
دوای ئەوە، فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا – پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند: ''پشتڕاستی دەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوە بەهۆی ئەوە بوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سلێمانی بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق:
دووبارەبوونەوەی جموجووڵە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و دوایینیان بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی..
لە کاتێکدا ئێمە ئەم هێرشە ئاشکرایانە بۆسەر عێراق و سەروەرییەکەی شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی رێگە بە هێزەکانی تورکیا بدات بە بیانووی بوونی هێزی دژبەر لە خاکی عێراق درێژە بە رێبازەکەیان لە تیرۆرکردنی خەڵکی سڤیل بدەن.
لەمبارەیەوە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و داوای لێبووردنێکی فەرمی لە بەرامبەر ئەو کارانە پێشکێش بکات، ئەم هێرشانە رابگرێت و کێشە نێوخۆییەکانی بە کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەر بکات. لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، هەڵوێستێکی تووندمان دەبێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوە لە داهاتوودا.
سەرۆکایەتیی کۆمار
8ـی نیسانی 2023