رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانى ئەمڕۆ 8ى نیسانى 2022، لە رێگەی درۆنێکەوە هێرشکرایە سەر بنکەى ئاسمانی عەین ئەسەد لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار، بەڵام بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، درۆنەکە لەلایەن سیستمی بەرگریی بنکەکە خرایە خوارەوە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمڕۆ هەینی لەوە بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە: "کاژێر 01:46 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 8-4-2022، سیستەمی بەرگریی ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بە ئاسمانی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق خستە خوارەوە".
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە و سەرجەم سەرباز و کارمەندانی بنکەکە سەلامەتن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماژەی بەوەداوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار، 180 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى بەغداوە دوورە، یەکێکە لە بنکەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق.
لە ماوەی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، لە دوا پێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی، کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ی چاکدەکردنەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشی کرد، "ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە".
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی پێشووی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ساڵی 2020دا، هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بنکەی ئاسمانیی بەلەد و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە دیارترین ئەو ناوچانەن، کە تائێستا بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.
ئەو گرووپانەی بەردەوام تۆمەتباردەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکان بریتین لە: حیزبوڵڵا، رەبعوڵڵا، ئەسحابولکەهف، ئەولیا دەم، کە گرووپی شیعەن و بەوە دەناسرێن زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن.
لە دوای کوژرانی سولەیمانییەوە، گرووپی جیاوازی چەکداری شیعە لە عێراقدا سەریانهەڵدا، کە زۆرجار ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش: سەرایا ئەولیا ئەلدەم، ئەسحاب ئەلکەهف، عوسبەت ئەلسائیرین، سریەکانی شۆڕشی تشرین، هێزەکانی زولفەقار، سەرایا ئەلمونتەقیم، تۆڵەی موهەندیس، تێکشکێنەری تووڕە و ئەلغاشیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ