وەزارەتی کارەبا: هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە رانەگیراوە

08-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، پلانی پێویست بۆ ئەگەری نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونی هاوردەکردنی گازی ئێرانی ئامادەکراوە. وەزارەتی کارەباش رایدەگەیێنێت، "تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان لەبارەی کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونەکە پێنەگەیشتووە."
 
ئەمڕۆ (شەممە، 8ـی ئاداری 2025) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلان و رێکاری پێویستمان ئامادەکردووە، بۆ ئەگەری نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونی هاوردەکردنی گاز لە ئێران."
 
هاوکات ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆش هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان لەبارەی کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێرانی پێنەگەیشتووە و هاوردەکردن بەردەوامە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "لە ئێرانەوە 1000 مێگاوات کارەبا لە رێگەی چوار هێڵی گواستنەوەوە هاوردە دەکرێت."
 
بەگوتەی ئەحمەد عەبادی، "هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین هەوڵەکان بە ئەنجام گەیشتوون یان نا."
 
ئەمڕۆ 8ـی ئادار، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات.
 
لە ساڵی 2018ـەوە ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
 
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، حکومەتی عێراق ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە