یونسکۆ لە موسڵ 124 خانووی دێرین، مزگەوت، کەنیسە و قوتابخانە نۆژەن دەکاتەوە

 
رووداو - موسڵ

موسڵ، شارێکی ستراتیجیی عێراق و یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهانە. یونسکۆ لە ساڵی 2018وە دەستی بە نۆژەنکردنەوەی 124 خانووی دێرین و چەند مزگەوت و کەنیسە و قوتابخانەیەک کردووە و تائێستا 44 خانووی دێرینی نۆژەن کردووەتەوە.
 
لە شەقامێکی موسڵی کۆن بە یارمەتیی "US AID" و دوای وێرانکاریی داعش دووکانەکەی عومەر بووژاوەتەوە، ئەو دووکانەی کە چەند مەترێک لە ماڵی باوکی دوورە، کە ماڵەکەش جەنگی داعش کردوویەتی بە وێرانە.
 
عومەر حوسێن لە بنەماڵەکەی شەش کەسی لە شەڕی داعش لەدەستداوە؛ جگە لە ئازاری ئازیزانی دوای شەش ساڵ، هێشتا هیچ کەس ماڵەکەی بۆ نۆژەن نەکردوونەتەوە، دەڵێت، "هەر جارێک بەناوی ئاوەدانکردنەوەوە دێن، وێنە دەگرن و پێوانەی شوێنەکە وەردەگرن و پێمان دەڵێن: سبەی دەگەڕێینەوە. کەچی کەس نایەتەوە، ئەگەر کەسێک بناسن بۆی ئاوەدان دەکەنەوە، ئەگەر نەشیناسن ئاوەدانی ناکەنەوە. ئەگەر ئەم خانووە ئاوەدان بکرێتەوە، سێ خێزان تێیدا نیشتەجێ دەبن؛ دوو خوشک و براژنێکم کە لە شەڕی داعش هاوژینەکانیان شەهید بوون."
 
دکتۆر عەبدولئیلا خەڵکی رەسەنی موسڵە، بەڵام ئاشنایی باشی لەگەڵ کورد هەیە و لە 70کانی سەدەی رابردوودا شەش ساڵ مامۆستا بووە لە هەرێمی کوردستان، دۆخی خەڵکی موسڵی بۆ رووداو باس کرد و گوتی، "خانووەکانمان وێران کران و کەلوپەلەکانیشمان لەدەستدا. خەڵکی چاویان لە ئاوەدانکردنەوەیە، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە زۆر سست و لاوازە. دەروونمان زۆر ماندووە و ژیانێکی زۆر دژوارە."
 
یونسکۆ لە ساڵی 2018 کەمپەینێکی بەناوی زیندووکردنەوەی رۆحی موسڵ راگەیاند؛ ئەم کەمپەینە نۆژەنکردنەوەی 124 خانووی دێرین و چەند مزگەوت و کەنیسە و قوتابخانەیەک لەخۆدەگرێت. تەنیا 44 خانوو تاوەکو ئێستا بە تەواوی نۆژەن کراونەتەوە، ماڵەکەی مستەفا مۆفەق یەک لەو ماڵانەیە کە نۆژەنکراوەتەوە.
 
مستەفا مۆفەق، دانیشتووی موسڵ دەڵێت، "دەیان مووشەک و هاوەن بەر ماڵمان کەوت. ئاستی رووخانەکە کارەساتبار بوو، تەنیا داروپەردووی مابوویەوە. توانای ئاوەدانکردنەوەیم نەبوو، تاوەکو ئەو کاتەی رێکخراوی یونیسکۆ دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوە. زۆر دڵخۆشین، ماڵەکەمان بۆ گەڕایەوە."
 
ئەو گوژمەیەی کە یونسکۆ بۆ نۆژەنکردنەوە دابینی کردووە بەم شێوەیە:
 
- 50.4 ملیۆن دۆلار بە یارمەتیی ئیمارات بۆ مزگەوتی نووری و منارەکەی و دوو کەنیسە.
- 38.5 ملیۆن دۆلار بە پاڵپشتیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ 124 خانووی دێرین.