بزووتنەوەی نوجەبا لەبارەی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا داوای هەڵوێست لە هێزە سیاسییەکان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت، سەردانەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شێوازی پێشوازیکردنەکەی، دوورە لە بنەما دیپلۆماسییەکان و رێزگرتن لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق. دەشڵێت: "جگە لە لۆژیکی هێز و چەک، لەگەڵ دووژمن هیچی دیکە سوودی نییە". 
 
بزووتنەوەی نوجەبا کە گروپێکی چەکداریی شیعەیە، لەبارەی سەردانەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بێ مۆڵەت هاتووەتە عێراق و سەردانی هێزەکانی کردووە لە بنکەی ڤیکتۆریا و ئاماژە بەوەش دەکات کە "بە شێوەیەک پێشوازی لێکراوە، دوورە لە بنەما دیپلۆماسییەکان و رێزگرتن لە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق. ئەمە وێڕای لێدوانە خۆبەزلزان و پێشلکارییەکانی بۆ سەر سەروەریی عێراق".
 
بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت، "ئەو کارە پێویستی بە هەڵوێستێکی روون و راشکاوانەی هەموو هێزەکانە. قسەکانی پێشووی ئێمەش دەیسەلمێنن کە جگە لە لۆژیکی هێز و چەک لەگەڵ دووژمن هیچی دیکە سوودی نییە".   
 
رۆژی سێشەممە، 07-03-2023، لۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیێندراو، گەیشتە بەغدا و دواتریش هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا کۆبووەوە. 
 
ئۆستن لە تویتێکدا سوپاسی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد لە بەرامبەر پێشوازیکردن لێی و نووسیویەتی، لە بەغدا "جەختم لە پابەندبوونمان بە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق و ئەرکی بەردەوامی ئێمە بۆ راوێژدان، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ تێكشکاندنی بەردەوامی داعش کردەوە."
 
ئەمە یەکەمین سەردانی لۆید ئۆستن بوو وەکو وەزیریی بەرگری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا باس لە سەردانەکەی لۆید ئۆستن بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و پابەندبوونی ئەمریکاش بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستانەوە دووپاتدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لۆید ئۆستن دەرفەتی هەبوو لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە و سوپاسگوزاریی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دووپاتبکاتەوە.
 
وەک پێنتاگۆن دەڵێت، لۆید ئۆستن هاوبەشی ئەمریکایشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە کە "هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای عێراق لێرەن بۆ هاریکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و راوێژدان پێیان بۆ دڵنیابوون لە تێکشاندنی یەکجارەکی داعش."