هێرشەکانی ئەمریکا پەرلەمانی عێراق کۆدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت. ئەندامێکی لیژنەی یاسایش دەڵێت، "باسی هەموو پێشێلکارییەکان دەکەین، بەتایبەت ئەوانەی ئەمریکا دەیانکات."
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا رۆژی شەممە، 10ـی شوباتی 2024، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی پەرلەمان تایبەت بەو "پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر سەروەرەیی عێراق" بکرێت، کۆبوونەوەکە تەنیا یەک بڕگە لە خشتەی کارەکانی هەیە ئەویش کۆبوونەوەیەکی "تاوتوێکاری"ـی پەرلەمانە و بڕیارە کاژێر پێنجی پاشنیوەڕۆ بکرێت.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە تاوتوێی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات، بەتایبەت سێ هێرشی ئەمدواییە کە نزیکەی 20 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان تێدا کوژراوە، ئەوەی روودەدات پێشێلکارییەکی روونە و دەبێت سنوورێک بۆ ئەمریکا دابنرێت، ئەگەر نا هێرشەکانی بەردەوام دەبن."
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە، واتە دوای 10 رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو بەهێزترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی ئەرکان عەلیاوی کە بەرپرسی هەواڵگریی حیزبوڵایە کوژران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
 
شەوی 2ـی ئەم مانگەش ئەمریکا دوای هێرشێکی چڕ بۆ چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024 بە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوا بوو کە فەرماندەی لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.